لیژنه‌ی كشتوكاڵ داوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان ده‌كات
له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا كه پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2016/2/22، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له ته‌لاری په‌رله‌مان خوێندرایه‌وه، تیایدا ئاماژه‌یان به به‌رده‌وامیی كاره‌كانی لیژنه‌كه‌یان كردووه له رووی به‌دواداچوون و چاودێریكردن و بانگهێشتكردنی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌ت سه‌باره‌ت به كێشه‌كانی كشتوكاڵ و جووتیاران، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌و قه‌یرانانه كردووه كه به‌رۆكی میلله‌ته‌كه‌مانی گرتووه به تایبه‌تی قه‌یرانی دارایی و ئابوورى، بۆیه له راگه‌یاندراوه‌كه‌یاندا لیژنه‌كه داوا له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی تری هه‌رێم ده‌كه‌ن هه‌موو توانایه‌كیان بخه‌نه گه‌ڕ بۆ چاره‌سه‌ركردن و تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه ئابوورى و داراییه‌ی كه رووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته‌وه.
هه‌ر له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان داوای پێویستیی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی به په‌له‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن و په‌رله‌مان به كلیلی چاره‌سه‌ری یاسایی‌ی سه‌رجه‌م گرفته‌كان ده‌زانن، هه‌روه‌ها گرینگیدانی زیاتر و به‌په‌له به كه‌رتی كشتوكاڵ و بووژاندنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌رته به چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ تێپه‌ڕاندنی به‌شێكی گه‌وره‌ى ئه‌و دۆخه ئابوورییه ده‌زانن.
