مەسرور بارزانی: هیچ رێگایەکمان نیە جیا لە چاکسازی
ئەمرۆ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و فرانک بەیکەر بالویزی بریتانیا لە عێراق بە ئامادەبوونی ئەنگز مەکی کۆنسولی گشتی بریتانیا لەهەولێر دوا رەوشی سیاسی و سەربازیی هەرێم و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بابەتی قەیرانی ئابووری و دارایی هەرێم تەوەرێکی سەرەکیی دانوستانەکان بوو.راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لەم بارەوە ئاماژەی بە پێویستیی سەرکەوتنی پرۆژەکانی چاکسازیی سەرۆکی هەرێم کرد و وتی هیچ رێگەیەکمان نیە جیا لە بە ئەنجام گەیاندنی چاکسازی و رێکخستنەوی سیستەمی ئیداری و ئابووری و دارایی هەرێم لە سەر بنەمایەکی تەندروست و شەفاف.
مەسرور بارزانی هەموو لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی بە بەرپرسیار زانی و ئاماژەی بەوەدا کە هەرلایەنە و بە پێی قەبارەی خۆی بەرامبەر ئەو کەموکوڕیانەی هەن بەرپرسیارن و بۆیەشە دەبێت هەموو پێکەوە ئەرکی چاکسازی لە ئەستۆ بگرن و پاڵپشتی لە پرۆسەی چاکسازی بکەن.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەی چاکسازی کاتی پێویستە بەڵام هەرێم پێویستیی خێرا و هەنووکەیی بە پاڵپشتی دارایی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە چونکە پاڵپشتی پێشمەرگە و خەرجیی بەرەکانی جەنگ دواکەوتنی زیاتر هەلناگرێ.
