رەشەبا لە هەولێر باخەوانێكی كوشت
باخەوانێکی پارکی شەهید سامی عەبدولرەحمان لە هەولێر، رۆژی دووشەممە 22/2/2016 بەهۆی بەرکەوتنی جەمەلۆنێک (چینکۆیەک) کە بەهۆی رەشەباوە فڕیوە، گیانی لەدەستدا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند"ئەو باخەوانە فەیسەڵ ئەحمەد حەسەن، لەدایکبووی ساڵی1951، لەکاتێکدا لە پارکی شەهید سامی عەبدولرەحمان خەریكی كاركردن بووە، کاژێر 13:00جەمەلۆنێک کە بەهۆی رەشەباوە فڕیوە، بەریکەوتووە و بەهۆیەوە گیانی لەدەست داوە".
لە راگەیێندراوێكدا پۆلیسی هەولێر باسی لەوە كردووە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش لەوبارەیەوە بەردەوامە.
هەر ئەمڕۆ لەسەر شەقامی 100 مەتری شاری هەولێر لە نزیك گۆڕستانی شێخ ئەحمەد، بەهۆی رەشەبا هۆڵێكی بە جەمەلۆن دروستكراو رووخا، بەهۆیەوە كەسێك برینداربوو و دوو ئۆتۆمبێلیش زیانی مادییان بەركەوت.
پاركی سامی عەبدولرەحمانی شاری هەولێر، گەورەترین پاركی باشووری كوردستانە و دەكەوێتە رۆژئاوای شاری هەولێر بەرامبەر تەلاری پەرلەمان. رووبەرەكەی زیاتر لە (800) دۆنم زەوی دەبێت، بە هەزارەها دار و درەخت و گوڵی هەمەجۆر رازێندراوەتەوە.
پاركی سامی لە چەندین كۆشك و باخچە و نافوورە و یاریگای مناڵان، دەریاچەیەك، ریستۆرانت، مۆنیۆمێنتی شەهیدانی شوبات، پەیكەری كەسایەتییە بەنێوبانگەكانی وەك مەستوورەخانم و جەواهیری شاعیر، لەگەڵ پاركێكی گەورە بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل پێكهاتووە. رۆژانە بە سەدان گەشتیار و هاونیشتمانی سەردانی دەكەن، سەدان باخەوان و كرێكاریش كاری تێدا دەكەن.
رووداو
