عادل عەبدولمەهدی: مانەوەی هەرێمی کوردستان بۆ 10 یاخود 20 ساڵ گرنگە

عادل عەبدولمەهدی: مانەوەی هەرێمی کوردستان بۆ 10 یاخود 20 ساڵ گرنگە
وەزیری نەوتی عێراق و یەکێک لە سەرکردەکانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق پێیوایە کورد بە درێژایی مێژوو ستەمی لێکراوە و داواش لە کورد دەکات ریفراندۆم ئەنجام نەدات.

”عادل عەبدولمەهدی“، وەزیری نەوتی عێراق و یەکێک لە سەرکردەکانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق رایگەیاندووە، کوردەکان هەموویان هەست بە ستەملێکراویی مێژوویی دەکەن و ”هاوپەیمانەکان لە کاتی دروستبوونی عێراق، بەڵێنەکانیان بۆ کورد نەبردووەتە سەر“.

عادل عەبدولمەهدی پێیوایە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ دیاریکردنی داهاتووی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ”بە دڵنیاییەوە“ بە بەڵێی گەورەی هاووڵاتییان تەواو دەبێت و ئەوکاتیش کێشەیەکی دیکە دروست دەبێت، ”داواکارییەکەی هاووڵاتییان بۆ جیابوونەوە لە عێراق جێبەجێ بکرێ یاخود دوابخرێ“.

وەزیری نەوتی عێراق، کە لە سەروتاری رۆژنامەی (عەدالە)ی حزبەکەیدا وێڕای داواکردنی ئەنجامنەدانی ریفراندۆم، رایگەیاندووە، مانەوەی کورد لە عێراق ئەگەر بۆ 10 یان 20 ساڵیش بێت، ”لەبەرژەوەندیی کورد و عێراقییەکانە و سەرچاوەی داهاتە داراییەکان لە عێراقێکی یەکگرتووی ئارەزوومەندانە و دەستووری زیاترن دەبن“.

رۆژی 26ـی کانوونی دووەمی 2016، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی باشوور کۆبووەوە و داوای لێکردن ئامادەکاریی بکەن، تاوەکو پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، کە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، ریفراندۆم لە کوردستانی باشوور ئەنجام بدرێت.







باسنیوز
Top