ئێمینکی: بۆ بەختەوەری و ئازادیی خەڵک هەوڵ دەدەین
لە سەرەتای دیدارێكدا، جێگری سەرۆكی پەرلەمان خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانە دەربڕی و بەسەردانێكی گرنگی وەسف كرد و ئاماژەی بە ڕەوشی هەرێمی كوردستان بەگشتی و ڕەوشی لاوانی كوردستان بەتایبەتی و هەوڵەكانی هەرێم لەپێناو جێبەجێكردنی مافەكانی لاوان و نەهێشتنی بێكاری و زاڵبوون بەسەر قەیرانەكاندا كرد و گوتی: "هەوڵەكانمان لە هەرێمی كوردستان لە پێناو بەختەوەری و ئازادیی مرۆڤە، ئەوە بەرنامەی سیاسیی ئێمەیە"، هەروەها پوختەیەكی سەبارەت بە پێكهاتەی پەرلەمانی كوردستان و كارەكانی خستە ڕوو.
سەرۆكی یەكێتی لاوانی ئەوروپا خۆشحاڵی خۆی بەو دیدارە دەربڕی و، هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان لە پێناو جێبەجێكردنی مافەكانی لاوان بەرز نرخاند؛ هەروەها ئاماژەی بە ئازایەتی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستانی كرد لە جەنگی دژی تیرۆریستانی داعشدا و هیوای سەركەوتنی بۆ هەرێمی كوردستان خواست.
لە كۆتایی دیدارەكەدا جێگری سەرۆكی پەرلەمان 'نیشان'ـی پەرلەمانی كوردستان بە دیاری پێشكەش بە سەرۆكی یەكێتی لاوانی ئەوروپا كرد.
