کۆڕەک تیلیكۆم رێنمایی کاراکردنی داشکاندنی نرخی پەیوەندییەکان دەخاتەڕوو
چاوشین حەسەن، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، رایگەیاند " کۆڕەک تیلیکۆم لەوەتەی دامەزراوە نرخی پەیوەندیکردنی لە سەرتاسەری عێراق کەمترین نرخ بووە، هاوکات نرخەکەی لە هەموو کۆمپانیاکانی دیکە هەرزانتر بووە، نەک تەنیا ئێستا، بەڵکو لە رابردووشدا هەرزانترین نرخ بووە".
سەبارەت بە جیاوازی نرخەکان لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم روونیكردەوە "جیاوازی لە نرخەکاندا نییە، تەنیا لەڕووی تەکنیکییەوە جیاوازی هەیە".
چاوشین حەسەن هەروەها گوتی "بەرلەوەی لە هەولێر داشکاندن بکەین، لە سلێمانی پێشتر داشکاندنمان کردبوو، هاوکات لە شارەکانی دیکەی عێراقیش داشکاندمان کردووە".
لەبارەی چۆنیەتی سوودوەرگرتن لەو ئۆفەرەی کۆڕەک تیلیکۆم رایگەیاندووە، چاوشین حەسەن گوتی" لەکاتی راگەیاندنی ئۆفەرەکەوە دەستبەجێ دەستمان بە جێبەجێکردنی کردووە، بەگشتیش ئۆفەرەکە لە خزمەتی بەکارهێنەران دایە".
چاوشین حەسەن، لەبارەی ئەو داشکاندنەی کۆمپانیاکە لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆک بە رێژەی 70% کردوویەتی، رێنمایی بە بەکارهێنەرانی تۆڕەکە داو گوتی " بۆ بەکارهێنەرانی کۆڕەک لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆک، دەتوانن لەڕێگەی ناردنی نامەیەکی بەتاڵ یان ژمارەیەك یان هەر نووسینێك بۆ ژمارە (263) بنێرن کە بەخۆڕاییە، دەستبەجێ بەکارهێنەرکە بەشداردەبێت لە ئۆفەرەکە".
سەبارەت بە ئۆفەرەکەش بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم روونیكردەوە "لە سێ خولەکی یەکەمەوە بەکارهێنەر پارەی دەڕوات، بەڵام لەدوای خولەکی سێیەمەوە تا خولەکی دەیەم بەخۆڕاییە، لەدوای خولەکی دەیەمەوە سێ خولەکی دیکە پارەی دەڕوات، دوای ئەوە دووبارە دەبێتەوە بە بەخۆڕایی، واتە لە 20 خولەک قسەکردن پارەی 6 خولەکت لێدەڕوات و 14 خولەک بەخۆڕایی قسە دەکەیت، کە دەکاتە 70% ی داشکاندن".
سەبارەت بە پارێزگاکانی سلێمانی، کەرکووک و هەڵەبجەش، چاوشین حەسەن گوتی "ئۆفەری دیاری پڵەس بۆ ئەو سێ پارێزگایە نرخەکەی 57 دینارە لە نێوخۆی کۆڕەک، بۆ دەرەوەی کۆڕەکیش 76 دینارە بۆ هەر خولەکێک، ئەمەش هەرزانترین نرخە لە سەرتاسەری کوردستان".
لەبارەی داشکاندن بە رێژەی 98% بۆ پێشمەرگە، چاوشین حەسەن گوتی "ئەو تاوەرانەی لە بەرەکانی جەنگن، هەر لەسەرەتای دروستبوونی جەنگەوە نرخی هەر خولەکێک 2 دینار بووە، بۆ کاراکردنی ئەو ئۆفەرەش دەبێت بەکارهێنەران کە برا پێشمەرگەکانن، ئەوانەی لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگن، نامەیەکی بەتاڵ بۆ (242) بنێرن و ئۆفەرەکە کارا دەبێت، ئەمەش زیاتر پێشمەرگەکان سوودی لێ دەبینن، ئەگەر خەڵکی دیکەش لەو ناوچانە بێت، ئەوانیش لە ئۆفەرەکە سوودمەند دەبن".
چاوشین حەسەن، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تيلیکۆم، ئاماژەی بە خزمەتگوزارییەکانی دیکەی کۆمپانیاکەیان كرد و گوتی "جیا لەو خزمەتگوزارییانەی کۆڕەک تیلیکۆم پێشکەشی کردوون، بەکارهێنەر بەبێ ئەوەی هیچ رەسیدێکی هەبێت و پارەی لێبڕوات، دەتوانێت تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەکاربهێنێت، جیا لە فەیسبووک زیاتر لە 20 ماڵپەڕی دیکە کراوەن بۆ ئەوەی بەكارهێنەران سوودیان لێوەربگرن".
چاوشین حەسەن بەشداربووانی کۆڕەک تیلیكۆمی لەوە دڵنیاكردەوە "لە ئێستا و لە داهاتووشدا هەرزانترین نرخی پەیوەندییان دەست دەکەوێت". بەهۆی قەیرانی دارایی و خراپی گوزەرانی خەڵك و پاشەكەوتكردن و دواكەوتنی مووچە، پێشتر كۆمپانیای ئاسیاسێڵ-یش داشكاندنی لە خزمەتگوزارییەكانی راگەیاندبوو.
