لە سلێمانی باندێکی دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیرکرا
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوان 3 کەس بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیرکراون و فەرمانی گرتن بۆ چەند کەسێکی دیکەش دەرچووە".
نەقیب سەرکەوت گوتیشی:" لە سەرەتای مانگی شوباتی 2016 ەوە چەند ئۆتۆمبێلێک دزراون، بەو هۆیەوە 3 کەس بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیرکراون و خۆشیان دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە. دەستگیرکراوەکان، پێشتر بە تۆمەتی دزی گیراون و دوای ئازادبوونیان، تاوانی دزیان ئەنجام داوەتەوە".
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەش کرد، گیراوەکان ئێستا لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدان و دواتر رەوانەی بەردەم دادوەر دەکرێن.
رووداو- سلێمانی
