حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئیدانەی لێدوانی بەرپرسانی پەکەکە دەکات
دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨\٢\٢٠١٦، “دەمھاد عەگید”، بەرپرسی پەیوەندییەکان و گوتەبێژی کەجەکە ڕاگەیاند، ڕێگا بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نادەین، بۆڕیی گواستنەوەی گازی سرووشتی بۆ تورکیا ڕابکێشێت. لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە، بە توندی وەڵامی لێدوانەکەی “دەمھاد عەگید”، گوتەبێژی کەجەکە دراوەتەوە و ئیدانەی ھەڕەشەکانیشیان بۆ ڕێگا گرتن لە تەقاندنەوەی بۆڕیی گازی سرووشتیی کوردستان کراوە.
ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئیدانەی لێدوانی بەرپرسانی پەکەکە دەکات
بە توندی ئیدانەی ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی پەکەکە دەکەین کە ھەڕەشەی ڕێگریکردن لە گواستنەوەی گازی سروشتیی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە لە ڕێگەی تورکیاوە دەکەن و ئەم ھەڕەشانە بە تەواوی لە دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانە کە لە ئاکامی قەیرانی دارایی ڕووبەڕووی دۆخێکی دژوار بووەتەوە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵی بەردەوام دایە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دەربازبوون لە قەیرانەکە و ڕزگارکردنی خەڵکی کوردستان لەو بارگرانی و نەھامەتییەی کە لە ئەنجامی ئەم قەیرانە دووچاری بوون، بۆیە ھەر کارێک بۆ ڕێگریکردن لەو ھەوڵانەی حکوومەتی ھەرێم دەچێتە خانەی دوژمنایەتیکردنێکی ڕاستەوخۆی خەڵکی ھەرێمی کوردستانەوە.
دووبارە بە توندی ئیدانەی ئەو ھەڵوێستەی پەکەکە دەکەین و ھیوادارین بەم ھەڵوێستەی خۆیاندا بچنەوە و نەبنە ھۆی زیان گەیاندن بە ھەرێمی کوردستان و کارێک نەکەن کە پێچەوانەی بەرژەوەندی و خواستی خەڵکەکەی بێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
١٨ - ٢ - ٢٠١٦
