مەسرور بارزانی: ریفراندۆم لە کاتێکی گونجاودا ئەنجام دەدرێت
”مەسرور بارزانی“، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بە کەناڵی کوردستان 24ـی راگەیاندووە، دوای گەڕانەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیاوە، ”باس لە میکانیزمی چاکسازی دەکرێت".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پرسی ریفراندۆم، بۆ دیاریکردنی ئاییندەی کوردستانی باشوور کردووە و رایگەیاندووە، کە ”ئەو پرسە لە کاتێکی گونجاودا ئەنجام دەدرێت و پارتی مەبدەئییەن پشتیوانی دەکات و دەبێت لە کاتی گونجاوی خۆیدا کە لایەنی پەیوەندیدار و ئەوەی بەڕێوەی دەبات دیاری دەکات، ئەنجامبدرێت".
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێیوایە سەرەکیترین قەیران، کە رووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بووەتەوە، ”قەیرانی سیاسییە و پێویستە چارەسەر بکرێت".
رۆژی 26ـی کانوونی دووەمی 2016، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی باشوور کۆبووەوە و داوای لێکردن ئامادەکاریی بکەن، تاوەکو پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، کە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، ریفراندۆم لە کوردستانی باشوور ئەنجام بدرێت.
رۆژی 10ـی شوباتی 2016، مەسعود بارزانی کۆمەڵێک هەنگاوی بۆ چاکسازی لە نێو حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
باسنیووز
