یەکێتی: بڕیاری ڕێگریی پەکەکە لە بۆڕیی گازی کوردستان لێدانە لە ئابووریی کوردستان
"هەڵۆ پێنجوێنی"، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو ڕێگرییانە چارەسەر بکات کە بەربەستن لە چالاکییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان”. ئەوەشی ڕوونکردەوە کە ئەگەر پەکەکە ڕێگریی لە بۆڕیی گازی سرووشتیی کوردستان کرد، ئەوە کاریگەرییەکی خراپ لە سەر ئابووریی کوردستان درووست دەکات. گوتیشی: “یەکێک لە پێداویستییەکانی چارەسەری ئابووری، دابینکردنی ئاسایشە، کاتێک باری ئاسایشی ئەو ناوچانە دابین نەکرێت کە ئابووری لێدەکرێت، بێ گومان گرفت بۆ چالاکی ئابووری و کۆمپانیا و پڕۆژەکانیش درووست دەبێت، بۆیە دەبێت هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، چارەسەری سەرجەم ئەو گرفتە ئابوورییانە بکەن کە لە پێناو گەشەسەندی ئابووریی کوردستان ئەنجام دەدرێت".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر حکوومەت نەیتوانی شتێک لەمبارەیەوە بکات، ئەوا هێزە سیاسییەکان لەگەڵ پەکەکە دەچنە سەر خەت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18\2\2016، ”دەمهاد عەگید“، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و گوتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، تایبەت بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئێمە ڕێگا نادەین بۆڕیی گازی سرووشتیی کوردستان بۆ تورکیا ڕابکێشرێت.
باسنیووز
