داوا لە فواد مەعسووم دەکرێت لە پۆستەکەی بکشێتەوە

 داوا لە فواد مەعسووم دەکرێت لە پۆستەکەی بکشێتەوە
دامەزرێنەرێکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕەخنە لە سەرۆک کۆماری عێراق دەگرێت و بەبێ دەسەڵات ناوی دەبات.


د. "دیندار نەجمان دۆسکی"، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەو حزبە، ڕاگەیاند: دەبوو پۆستی سەرۆک کۆمار زۆر ڕێز و حورمەت و هەیبەتی هەبووایە، بەڵام بەداخەوە هیچ لەو تایبەتمەندییانەی نییە، ڕاستە لە دەستوور دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار کەمە، بەڵام کەسەکانیش جیاوازن، پێشووتر "جەلال تاڵەبانی"، ئەو پۆستەی هەبوو، بەڵام کەسایەتییەکی بەهێزی هەبوو، کاریزمای خۆی هەبوو، بۆیە ئێستا دەبینین پاسەوانەکانی سەرۆک کۆمار دەڕفێنرێن، ئەمەش تەواو دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەم پۆستە شکۆی نەماوە و زۆریش خراپە”.


دیندار دۆسکی جەختی لەوە کردەوە کە قۆناغ بە قۆناغ، پێگەی کورد لە بەغدا لاواز بووە، بۆیە جوان نییە بەم شێوەیە و لە کۆتاییەکانی مانەوەی کورد لە بەغدا، بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. داواشی کرد، سەرۆک کۆماری عێراق خۆی ڕۆڵ ببینێ. گوتیشی: “هەقە فوئاد مەعسووم وەک کارتێکی فشار، لەو پۆستە بکشێتەوە”.
نەجمان دۆسکی، ئاماژەی بەوەش کرد، بیرکردنەوەی پارتی و یەکێتی جیاوازە، پارتی لە دابەشکردنی پۆستەکان پێی باش بووە لە کوردستان بمێنێتەوە، ئامانجیشی زیاتر کوردستانییە و خۆشی لە کوردستان بەهێز کرد، بۆیە لەگەڵ یەکێتی لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا بیروبۆچوونیان جیاوازە.












باسنیوز
Top