سه‌رۆك بارزانی داوای هاوكاریی دارایی‌و سەربازی بۆ هەرێم دەكات

سه‌رۆك بارزانی داوای هاوكاریی دارایی‌و سەربازی بۆ هەرێم دەكات
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، له‌ كۆی كۆبوونه‌وه‌كانیدا كه‌ له‌ په‌راوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونشن 2-16دا سازی داون، داوای هاوكاریی دارایی‌و سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان لە وڵاتانی جیهان دەكات.

لەڕۆژی پێنج شەممەی رابردووەوە، (سه‌رۆك بارزانی) بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی ئاسایشی میونشن 2016 لە ئەڵمانیایە، كە لەپەراوێزی كۆنفرانسەكەدا چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ بەرپرسانی جیهاندا ساز داون.

لەبارەی كۆبوونەوەكانەوە، ئەمڕۆ شەممە، (فواد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە زۆربەی كۆبوونەوەكاندا (سه‌رۆك بارزانی) داوای هاوكاری دارایی بۆ هەرێمی كوردستان‌و سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە كردووە.

لەبارەی وەڵامی بەپرسانی وڵاتان بۆ داواكارییەكەی (بارزانی)، (فواد حوسێن) رایگه‌یاند، كە بەرپرسانی وڵاتان ئامادەیی خۆیان نیشان داوە هاوكاریی دارایی‌و سەربازی بۆ هەرێم بكەن.

هەر لەدرێژەی كۆبوونەوەكاندا ئەمڕۆ شەممە (مەسعوود بارزانی) لەگەڵ (گۆرگێ ئیڤانۆف) سەرۆكی مەكدۆنیا كۆ بووەوە، كە بە گوتەی سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم، لەو كۆبوونەوەیەشدا داوای هاوكاریی بۆ هەرێم كراوە.

بڕیارە هەر لە چوارچێوەی كۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی، (مەسعوود بارزانی) وتارێك پێشكەش بكات، هەروەها بڕیاریشە چەند كۆبوونەوەیەكی تر لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتاندا ئەنجام بدات.

Top