سەرۆك بارزانی و شا عەبدوڵڵا پادشای شانشینی ئۆردن جەختیان لەسەر هاوكاریی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان كرایەوە
لەو دیدار و چاوپێكەوتنانەدا كەلەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، وەزیری دەرەوەی توركیا، شای ئوردون و سەرۆكی لوبنان، وەزیری بەرگریی فەرەنسا، وەزیری دیەرەوەی ئیتالبیا و چەند بەرپرسێكی وڵاتانی ئەرووپی كۆبووەتەوە، لە دیدارەكاندا بارزانی سیاسەتی هەرێمی كوردستانی لەبارەی شەڕی دژی داعش و دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و عێراق و سووریا و هەروەها قەیرانی دارایی و ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستانی خستەڕوو.
لەم بارەوە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان وێنەیەك لە پوختەی ناوەرۆكی ئەو دیدار و چاوپێكەوتنانەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بۆ ئاژانسی باسنیوز ناردووە.
پوختەی ناوەرۆكی دیدارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان:
ڕۆژی پێنجشەممە 11ـی 2ـی 2016 "مەسعوود" بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی ئاساییشی میونشن 2016 سەردانی وڵاتی ئەڵمانیای كرد.
لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونشن 2016 و لە یەكەمین ڕۆژی ئەم كۆنفڕانسەدا سەرۆك بارزانی زنجیرەیەك كۆبوونەوە و دیدار و چالاكیی چڕوپڕی دیپلۆماسی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی وڵاتانی جیهان ئەنجامدا و تێیدا سەرۆك بارزانی سیاسەتی هەرێمی كوردستانی لەبارەی شەڕی دژی داعش و دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و عێراق و سووریا و هەروەها قەیرانی دارایی و ڕیفراندۆم خستەڕوو.
لە چوارچێوەی ئەم دیدار و چالاكیانەیەدا پێشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی 12ـی 2ـی 2016 مەسعوود بارزانی لە شوێنی حەوانەوەی خۆی پێشوازی لە ڕۆدریك كیزلیتەر ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارلەمانی ئەڵمانیا لە حزبی دیموكرات مەسیحی كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا ئەو ئەندامەی پارلەمانی ئەڵمانیا پشتگیریی خۆی و حزبەكەی بۆ هەرێمی كوردستان هێزی پێشمەرگە دووپاتكردەوە و هەروەها پاڵپشتیی لە هەڵوێستی حكوومەتی وڵاتەكەی كرد بۆ پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگە و مەشق و ڕاهێنان و هاوكاریكردنی حكوومەتی ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیا و حزبی دیموكرات مەسیحی كرد بۆ پشتیوانی و پاڵپشتیان لە هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە. هەروەها ڕۆشنایی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و كوردستان و هەروەها باسی لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و سەركەوتنەكان پێشمەرگە كرد.
هەر هەمان ڕۆژ سەرۆك بارزانی لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونشن 2016 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژان ئیۆ لۆدریان وەزیری بەرگریی فەڕەنسا و شاندی یاوەری كرد. لە دیدارەكەدا بارودۆخی عێراق و كوردستان و هاوكارییە سەربازییەكانی فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و وەزیری بەرگریی فەڕەنسا ئەوەی دووپاتكردەوە كە وڵاتەكەی بە هەموو توانایەك لە شەڕی تیرۆیستانی داعشدا پشتگیریی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە دەكات.
پێزانینیشی بۆ قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە هەبوو و ئازادكردنی شنگالیشی بە سەركەوتنێكی مەزن و سیمبولیكی پێشمەرگە لە دژی تیرۆریستان وەسف كرد.
لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی باسی لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و ڕیفڕاندۆم و هەروەها قەیرانی دارایی هەرێم و مەترسییەكانی ئەو قەیرانە لەسەر بوارە جۆراوجۆرەكانی ژیان لە هەرێمی كوردستان كرد. ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی موسڵ و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەڕەنسا تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو.
هەر لە ڕۆژی هەینی 12ـی 2ـی 2016 و لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونشن 2016ـدا بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی شا عەبدوڵڵا پادشای شانشینی ئۆردۆن كرد. لە دیدارەكەدا كە لە كەشێكی گەرم و دۆستانەدا بەڕێوەچوو، بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و قەیرانی سووریا و پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوولا تاوتوێ كرا.
لەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ پادشای ئۆردۆن بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شوێنی حەوانەوەی خۆی پێشوازی لە تەممام سەلام سەرۆك وەزیرانی لوبنان و شاندی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و دوا پێشهاتەكان و ڕیفڕاندۆم و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و لوبنان تاوتوێ كرا و سەرۆك وەزیرانی لوبنان سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد لەوەی كە هاووڵاتیانی لوبنانی لە هەرێمی كوردستاندا ئاسانكاری و پێشوازییەكی باشیان لێ دەكرێت.
پێشوازیكردن لە پاولۆ جێنتیلۆنی وەزیری دەرەوەی ئیتالیا چالاكییەكی تری سەرۆك بارزانی بوو لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونشن 2016.
لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و باری دارایی هەرێم و هەروەها ڕیفڕاندۆم.
لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دەرەوەی ئیتالیا بەڵێنی ئەوەی دا كە پەیوەندییەكانی ئابووریی نێوان هەردوولا وەك پەیوەندییە سەربازییەكان پتەو و تەوندوتۆڵ ببن و وڵاتەكەی لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە و پۆلیسی هەرێم بەردەوام بێت. لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا باس لە بەنداوی موسڵ و ئەو مەترسیانە كرا كە پەیوەستن بە بینا و ژێرخانی بەنداوی مووسڵ و سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی كە كۆمپانیایەكی ئیتالیایی سەركەوتووانە بەردەوامە لە كاری چاودێری و پێشكەشكردنی یارمەتی بۆ ئەوەی بەنداوی موسڵ خۆی لە بەرانبەر ئەو مەترسیانە بگرێت كە هەڕەشەن لەسەر ژێرخان و بینای بەنداوەكە.
هەر هەمان ڕۆژ و لە پەراوێزی كۆنفڕانسەكەدا سەرۆك بارزانی پێشوازی لە فیلیپ هامۆند وەزیری دەرەوەی بریتانیا و شاندی یاوەری كرد و لە دیدارەكەدا تیشك خرایە سەر بارودۆخی سەربازی و دارایی هەرێم و ڕیفڕاندۆم و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و باسیش لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا كرا.
پاش كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بریتانیا سەرۆك بارزانی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبۆیەوە. لەم دیدارەدا بە شێوەیەكی ڕاشكاوانە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی هەرێمی كوردستان و عێراق و ئەو خاڵانەی پەیوەستن بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا خرایە بەر باس و گفتوگۆ و بڕیاریش درا كۆبوونەوە و دانوساندن و دیالۆگی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ لە ئاستە جیاجیاكاندا بەردەوامیی هەبێت.
لە بەردەوامیی چالاكییە دیپلۆماسییەكانی سەرۆك بارزانی لە ڕۆژی یەكەمی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونشن 2016، سەرۆك بارزانی لەگەڵ مەولوود چاوش ئۆغلو وەزیری دەروەی توركیا كۆبۆیەوە. لە كۆبوونەوەكەدا باس لە فراوانكردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێم و توركیا كرا و وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ وڵاتی توركیای بە گرنگ و كاریگەر و مێژوویی وەسف كرد. شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و بارودۆخی شاری مووسڵ تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو.
باسنیوز
