سەرۆکوەزیرانی لوبنان : پێشمەرگە دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێناوە

 سەرۆکوەزیرانی لوبنان : پێشمەرگە دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێناوە
سەرۆکوەزیرانی لوبنان رایدەگەیێنێ "کێشەی زۆر هەن گەلی کورد بەرگەی گرتوون و خۆڕاگرانە بەرامبەریان وەستاوەتەوە و، رووبەڕوویان بووەتەوە، ئێمە دەستخۆشی لەو خۆڕاگرییە دەکەین و دەستخۆشی لەو سەرکردایەتییە دەکەین کە بە دڵنیاییەوە خۆڕاگربوونە".

رۆژی هەینی سەرۆك مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەلام تەمام، سەرۆكوەزیرانی لوبنان، لە پەراوێزی كۆنفرانسی ئاسایشی جیهان لە شاری میونشنی ئەڵمانیا كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا.

سەلام تەمام راگەیاند: لەپێناو بەرژەوەندی سەرجەم ئەو گەلانەی لە ناوچەکدا ئەمڕۆ ئازار دەکێشن، وەکو ئەوەی لە سووریا، هەروەها لوبنان و کوردستان و تەواوی ناوچەکە روودەدەن، چاوپێکەوتنێکی باش و بەرهەمدارمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئەنجامدا".

تەمام گوتیشی:" بێگومان هەموو ئەوانەی رووبەڕووی داعش دەبنەوە، پێویستیان بە پاڵپشتییە، پێشمەرگەش توانیویەتی پێشڕەوی بکات و دەستکەوتی گەورە بەسەر ئەو دووژمنە دڕندەیە بەدەست بهێنێت، بەڵێ پێویستە هەموو پاڵپشتییەک بکرێن بۆ ئەو بەشدارییەیان، کە هاوکاری هەمووان دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو دووژمنە دڕندەیە (داعش)".





رووداو -
Top