سكرتێری رۆژنامەڤانی نێچیرڤان بارزانی: هێرش نەكراوەتە سەر بەرهەم ساڵح
لە روونكردنەوەكەدا هاتووە "بەهیچ شێوەیەك ئەوە راست نییە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان وەك شەخس هێرشی كردبێتە سەر بەرهەم ساڵح، سەرۆكی كابینەی پێشووتری حكومەتی هەرێمی كوردستان. هەر وێناكردنێكی بەمجۆرە بۆ قسەكانی نێچیرڤان بارزانی، بەئەنقەست و بە مەرامی تایبەتە و بەتەواوی لە هەموو راستییەكەوە دوورە".
سكرتێری رۆژنامەوانی سەرۆكی حكومەت لە روونكردنەوەكدا ئاماژەی بەوە كردووە، سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی لە كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، باسیان لە هۆكارەكانی قەیرانی دارایی كردووە، هەروەها باسیان لە كەموكوڕییەكانی حكومەت و هەموو كابینەكانی حكومەت كردووە، بەوانەشەوە كە خودی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی كردوون.
سامی ئەرگوشی روونیكردووەتەوە "ئەو كابینانە هەمیشە لە لایەن پارتی و یەكێتییەوە سەركردایەتی كراون و، لە كۆبوونەوەكەدا باس لەوە كرا كە پارتی و یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕانیش بە ئەسەری رەجعی لە هەر كەموكوڕییەكی ئەم كابینانە بەرپرسیارن، چونكە بەشێكی دیاری سەركردەكانی ئێستای گۆڕان چەندینجار لە كابینەكانی پێشووتری حكومەت بەشداربوون و، بەرپرسیاریەتی و كاریگەرییان لە كابینەكاندا هەبووە، بۆیە كەس ناتوانێت خۆی لە كەموكوڕییەكان بێبەری بكات".
سكرتێری رۆژنامەوانی سەرۆكی حكومەت هێمای بۆ ئەوەش كردووە "كاتێک نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی باسیان لە چەندین كەموكوڕیی حكومەت دەكرد، سەرۆكوەزیران بابەتی دامەزراندنی ژمارەیەكی زۆری مووچەخۆرانی لەماوەی كابینەی شەشەمدا وەك زۆر شتی دیكە بە نموونە هێنایەوە، كە بە تەنیا كابینەی بەرهەم ساڵح نەبووە، بەڵكو كابینەی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بووە و، هەردوو حیزبەكە لێی بەرپرسیارن".
لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكدا هاتووە "سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی بە سنگێكی فراوانەوە سەرنج و رەخنە و تێبینییەكانی بەشدرابووانی كۆبوونەوەكەیان وەرگرتووە و، زۆر راشكاوانە و بە گیانێكی بەرپرسانەوە باسیان لە كەموكوڕییەكانی حكومەت و كاریگەریی حیزبەكان بەسەر حكومەتەوە كردووە. بۆ ئەمەش چەندین نموونەیان لە پارتی و یەكێتی هێنایەوە، نەك وەك ئەوەی هەندێ لە دەزگاكانی راگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا بەئەنقەست دەیانەوێ قسەكانی نێچیرڤان بارزانی بشێوینن و بۆ مەرامی تایبەت بەكاریان بهێننەوە".
رۆژی پێنجشەممە 11-2-2016 ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەركۆی حكومەت، لەگەڵ ژمارەیەك رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی و چالاكڤان كۆبوونەوە و، باسی قەیرانی دارایی و هەنگاوەكانی حكومەتیان كرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكە، لە چەند میدیایەك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە كە گوایە نێچیرڤان بارزانی گوتوویەتی، لەدوای خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتی 2011، بەرهەم ساڵح، سەرۆكی كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان 70 هەزار كەسی دامەزراندووە.
رووداو-
