"پشتیوانی بۆ پاکێجەکانی چاکسازی سەرۆک بارزانی رادەگەیەنین"
(جەغفەر ئێمینکی) جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەینێ کە، لەسۆنگەی هەستکردن بەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەی کە لەهەلومەرجی ئەمڕۆی کوردستان دەخوازێ هەموو کوردستانیان بەگیانی بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان بکەن بەتایبەتیش کە پەرلەمانی کوردستان هەمیشەو بەردەوام داوای کردوە کار بۆ چاکسازی بکرێ و زەمینەی لەبار لە گشت بوارەکاندا بۆ فەراهەم بکرێ.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەیشڵێ، پشتیوانی خۆمان بۆ پاکێجەکانی چاکسازی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەردەبڕین و لەم سات و کاتەدا بە زۆر گرینگ و پێویست و مێژوویی لەقەڵەمی دەدەین.
ئێمینکی گوتی، پاکێجی چاکسازییەکان لەبواری حکوومەت دا پاڵپشتیەکی زۆر گرینگە بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و پەرۆشی خودی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەکەی لەپێناو پەرەپێدان بە پرۆسەی چاکسازی دارایی و ئابووری هەروەها چاکسازی لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان بەو پێیەی خاوەنی زۆرترین جەماوەرە و دامەزراوەیەکی سیاسی و حزبی گرینگە لەناو پرۆسەی سیاسی لەهەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا و دڵنیاین هەموو خەڵکی کوردستان پێشوازی لێ دەکەن و دەرفەتێکە بۆ هەموو کەس و لایەنێکی نیشتمانپەروەر وێرای پشتیوانی لەهەنگاوەکانی چاکسازی خۆبەخشانە هەنگاوو دەستپێشخەری بەهەمان ئاراستە بۆ هەمان مەبەستی پیرۆز بهاوێژن.
