نێچیرڤان بارزانی: لێپرسینەوە لەو كەسانە دەكرێت بازرگانی بە فلیپینییەكانەوە دەكەن

نێچیرڤان بارزانی: لێپرسینەوە لەو كەسانە دەكرێت بازرگانی بە فلیپینییەكانەوە دەكەن
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی فلیپین لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد و، سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی كەسوكاری قوربانیانی هوتێل كاپیتۆل كرد و راشیگەیاند "پێویستە لێپرسینەوە لەو كەس و گرووپانە بكرێت بازرگانی بە كارمەندە فلیپینییەكانەوە دەكەن".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ئەلمەر كاتۆ، هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی فلیپین لە عێراق كرد.

بەپێی راگەیێندراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی فلیپین خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكەش بە حكومەتی هەرێمی كودستان كرد، "كە لە چركەساتی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سەنتەری مەساجی هوتێل كاپیتۆل لە هەولێر و دوای رووداوەكەش كە ژمارەیەك لە كارمەندانی فلپینی تێیدا بوونە قوربانی، هەموو هاوكارییەكی لەڕووی لێكۆڵینەوە و ئامادەكارییەكان بۆ ناردنەوەی تەرمی قوربانیان بۆ وڵاتەکەیان، پێشكەش كردووە".

لای خۆیەوە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان "سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و سەرەخۆشیی خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستانی لەڕێگەی ب هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی فلیپینەوە لە عێراق بۆ حكومەت و خەڵك و كەسوكاری قوربانیانی ئەو رووداوە دەربڕی و دڵنیایكردنەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان هەموو هەوڵ و تەقەلای خۆیان دەدەن بۆ لێكۆڵینەوە لەو رووداوە و سزادانی ئەو كەسانەی كەمتەرخەمییان كردووە".

نێچیرڤان بارزانی جەختیكردەوە، پێویستە میكانزمێكی پتەوتر لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و فلیپین بۆ ئەو كارمەندە فلیپینیانە هەبێت كە بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

لەبارەی ئەو رێوشوێنانە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە ئاسانكاریی هاتووچۆ كردووە، هەروەها لێپرسینەوە لەو كەس و گرووپانەی لە دەرەوەی وڵات بازرگانییان پێوە دەكەن بۆ ئەوەی رێگری لەو كارەیان بكرێت و لەجیاتی ئەوە پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش راسپاردەی دایە لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستتن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی فلیپینی هاوكاری بكەن و كارەكانیان لەو رووەوە ئەنجامبدەن.

رۆژی هەینی 5-2-2016 هوتێل كاپیتۆل لە شاری هەولێر ئاگریگرت و بەهۆیەوە 19 كەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەكیش برینداربوون، كە زۆرینەیان هاونیشتمانی فلیپینی بوون.












رووداو
Top