نێچیرڤان بارزانی لە ڕێگەی هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی فلپینەوە سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی كەسوكاری قوربانیانی هوتێل كاپیتۆل دەكات

نێچیرڤان بارزانی لە ڕێگەی هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی فلپینەوە سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی كەسوكاری قوربانیانی هوتێل كاپیتۆل دەكات
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 10 - 2 - 2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ئەلمەر كاتۆ هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی فلپین لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارێكدا بەڕێز كاتۆ خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكەش بە حكوومەتی هەرێمی كودستان كرد كە لە چركەساتی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سەنتەری مەساجی هوتێل كاپیتۆل لە هەولێر و دوای ڕووداوەكەش كە ژمارەیەك لە كارمەندانی فلپینی تێیدا بوونە قوربانی، هەموو هاوكارییەكی لە ڕووی لێكۆڵینەوە و ئامادەكارییەكان بۆ ناردنەوەی تەرمی قوربانیان بۆ وڵاتەکەیان، پێشكەش كردووە.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و سەرەخۆشیی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە ڕێگەی بەڕێز هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی فلپینەوە لە عێراق بۆ حكوومەت و خەڵك و كەسوكاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە دەربڕی و دڵنیای كردنەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان هەموو هەوڵ و تەقەلای خۆیان دەدەن بۆ لێكۆڵینەوە لەو ڕووداوە و سزادانی ئەو كەسانەی كەمتەرخەمییان كردووە. ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ هەر هاوكارییەك بە مەبەستی گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیان پیشان دا.

هەروەها دووپاتی كردەوە كە پێویستە میكانزمێكی پتەوتر لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فلپین بۆ ئەو كارمەندە فلپینیانە هەبێت كە بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە لەوانەش ئاسانكاریی هاتوچۆ و لێپرسینەوە لەو كەس و گرووپانەی لە دەرەوەی وڵات بازرگانییان پێوە دەكەن بۆ ئەوەی ڕێگری لەو كارەیان بكرێت و لەجیاتی ئەمە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش ڕاسپاردەی دایە لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی فلپینی هاوكاری بكەن و كارەكانیان لەمڕووەوە ئەنجام بدەن.

تاوتوێكردنی بارودۆخی ئێستای ناوچەكە بەگشتی و بەتایبەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.


Top