کاتی کۆبوونەوەی داهاتووی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لایەنەكان ئاشكراكرا
سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات، یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر داوای یەكێك لە حیزبەكان (گۆڕان یان كۆمەڵ) داوای دواخستنی كۆبوونەوەی بارزانی و لایەنە سیاسییەكانی كردووە، بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتووش كۆبوونەوەكە ئەنجام بدرێت.
بڕیاربوو رۆژی 7-2-2016 دووەمین كۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە حكومەت و پەرلەمان ئەنجام بدرێت، بەڵام لەسەر داواكاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا، بۆ ئەوەی كاتی زیاتر بە كۆمیتەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و حكومەت بدرێت گۆڕان و كۆمەڵ رازی بكەن، بەڵام لە رۆژی دواخستنی كۆبوونەوەكە، كۆمیتەكەش هیچ كۆبوونەوەیەكی نەكردووە.
محەممەد حاجی مەحموود، سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر داواكاری یەكێك لەو دوو حیزبەی بەشداری كۆبوونەوەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان نەكرد كە (گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی) بوون، داوای دواخستنی كۆبوونەوەی بارزانی و لایەنە سیاسییەکانی بۆ رۆژی پێنجشەممەى داهاتوو 18-2-2016 ی كردووە".
سكرتێری حیزبی سۆسیالیست راشیگەیاند: "یەكێك لەو دوو حیزبە داوای لە یەكێتی كردبوو بۆ ماوەیەك لەسەریان بووەستن، یەكێتیش لەسەر ئەو پێشنیازە، داوای دواخستنی كۆبوونەوەی بارزانی و لایەنە سیاسییەکانی بۆ رۆژی پێنجشەممە داهاتوو کردووە".
بە بۆچوونی محەممەد حاجی مەحموود، ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بەردەوام بن لەسەر هەڵوێستی خۆیان، ئەوا دوورنییە ئەو سێ حیزبە (یەكێتی، پارتی، یەكگرتوو) پێكەوە بڕیارێك بدەن. ناوبراو گوتيشی "ئەگەر گۆڕان و كۆمەڵ هەڵوێستیان نەگۆڕن رەنگە سێ حیزبەكە پێكەوە بڕیارێك بدەن، جا بڕیارەكەیان چییە ئەوە شتێكی دیكەیە".
لە كۆبوونەوەی رۆژی 26/1/2016 ی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حیزبە سیاسیەكانی كوردستان كە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بەشدارنەبوون، بڕیاردرا كۆمیتەیەكی هاوبەش كە لە 9 كەس پێك دێت، بەمەبەستی زەمینەسازیكردن بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و حكومەت و چارەسەركردنی پرسی سەرۆكایەتی و سەرخستنی گشتپرسی پێكبهێندرێت.
رۆژی دووشەممە 1/2/2016، كۆمیتەی ئاساییكردنەوەی كارەكانی پەرلەمان و حكومەت دەستبەكاربوو و، یەكەم كۆبوونەوەی خۆی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە شاری هەولێر سازكرد.
لە رۆژی 3/2/2016 ئەو كۆمیتەیە سەردانی هەریەك لە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیان كرد، دواتر لە رۆژی 6/2/2016 كۆمیتەكە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام كۆبووەوە. لەو كۆبوونەوەیەشدا لەسەر پێشنیازی یەكێتی، كۆبوونەوەی 7/2/2016 سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسیەكان بۆ كاتێكی نادیار دواخراو لەوكاتەشەوە كۆمیتەكە هیچ كۆبوونەوەیەكی نەكردووە.
رووداو
