نێچیرڤان بارزانی سەربەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی هۆتێلەکەی هەولێر دەکات
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وێنەیەکی نێردراوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 10 - 2 - 2016، “نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە “ئەلمەر كاتۆ”، باڵیۆزی فلیپین لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا “كاتۆ”، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکەی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی و سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكەش بە حكوومەتی هەرێمی كودستان كرد كە لە چركەساتی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سەنتەری مەساجی هوتێل (كاپیتۆل) لە هەولێر و دوای ڕووداوەكەش كە ژمارەیەك لە كارمەندانی فلپینی تێیدا بوونە قوربانی، هەموو هاوكارییەكی لە ڕووی لێكۆڵینەوە و ئامادەكارییەكان بۆ ناردنەوەی تەرمی قوربانییان بۆ وڵاتەکەیان، پێشكەش كردووە.
لە لایەن خۆشیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و سەرەخۆشیی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە ڕێگای باڵیۆزی فلیپینەوە بۆ حكوومەت و خەڵك و كەسوكاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە دەربڕی و دڵنیای كردنەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان هەموو هەوڵ و تەقەلای خۆیان دەدەن بۆ لێكۆڵینەوە لەو ڕووداوە و سزادانی ئەو كەسانەی كەمتەرخەمییان كردووە. ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ هەر هاوكارییەك بە مەبەستی گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیان پیشان دا.
هەروەها دووپاتی كردەوە كە پێویستە میكانزمێكی پتەوتر لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فلیپین بۆ ئەو كارمەندە فلیپینییانە هەبێت كە بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، لەوانەش ئاسانكاریی هاتوچۆ و لێپرسینەوە لەو كەس و گرووپانەی لە دەرەوەی وڵات بازرگانییان پێوە دەكەن، بۆ ئەوەی ڕێگری لەو كارەیان بكرێت و لەجیاتی ئەمە، پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش ڕاسپاردەی دایە لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی فلیپینی هاوكاری بكەن و كارەكانیان لەمڕووەوە ئەنجام بدەن.
تاوتوێكردنی بارودۆخی ئێستای ناوچەكە بە گشتی و بە تایبەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
باسنیوز
