هەفتەی جیهانیی پێکەوەژیان لە هەولێر بەڕێوە چوو
لە وتارێکدا، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت دووپاتیكردەوە، هەمیشە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكانی هەرێمی كوردستان لە خۆشی و ناخۆشیەكاندا بەیەكەوە بوون و یەكبوونی نیشتیمانی و مرۆیی ئەو پێكهاتانەی كوردستانیان پێكهێناوە لە هەموو قۆناغەكانی ژیانی كورد دا پیلانی دوژمنانی پووچەڵ كردووە.
وەزیری ئەوقاف بە وەكالەت ئاماژەی بەوەدا، لە هەموو شۆڕشەكانی كوردستان شانبەشانی پێشمەرگەی موسڵمان، پێشمەرگەی مەسیحی و ئێزیدی و كاكەیی لە یەك سەنگەردا بوون و ئەوەی ئەمڕۆ هاتۆتەدی بەرهەمی ئەو پێكەوەژیانە بوو كە لە ناوچەكەدا كەم وێنەیە.
جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە پێكەوەژیان و ئاشتی كۆمەڵایەتی هۆكاری سەرەكین بۆ سەقامگیری وڵات. ئاماژەی بەوەشدا ئەم پرەنسیپانە لەو قۆناغەدا زۆر پێویستن بەتایبەتی كە ئێستا هەرێمی كوردستان بەرەو بڕیاردانی چارەنووس لە رێگەی ریفڕاندۆمی جەماوەرییەوە هەنگاو دەنێت. ئەوەشی خستەڕوو هیچ بنەمایەكی نێودەوڵەتی لەدژی سەربەخۆیی كوردستان نیە بەڵكو ئەوە مافێكی سەرەكی گەلی كوردستانە و راشیگەیاند، ئەگەر رووبەری 30 دەوڵەتی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان كۆ بكرێتەوە، ئنجا رووبەری هەرێمی كوردستانی عیراق پێكدێنێت.
هاوكات ستایشی رۆڵی مامۆستا و پیاوانی ئایینی كرد بۆ زیاتر بەهێزكردنی گیانی پێكەوەژیان و هەستی نیشتیمانی لەنێو خەڵكی كوردستاندا بە تایبەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش.
پاشان مەڕوان عەلی بەڕێوەبەری كاروباری سیاسی لە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە وتەیەكدا ستایشی رۆڵی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و تۆماركردنی چەندین سەركەوتن و ئازادكردنی بەشێكی زۆری ئەو ناوچانەی لەبەردەستی داعشدا بوون.
هەروەها سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد بۆ پێشوازیكردن لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەر بە جیاوازی ئایین و نەتەوە و مەزهەبەوە لە شار و شارۆچكەكانی عیراقەوە. دووپاتیشیكردەوە كوردستان لە ریزبەندی یەكەمی بەرگریكارە سەختەكانە لە مرۆڤایەتی و پێكەوەژیان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش.
هەر لەم ڕێوڕەسمەدا چەندین پانێڵی جیاجیا لەلایەن نوێنەرانی ئایینەكانی هەرێمی كوردستان پێشكەش كرا و هەر یەكەیان بۆچوونی خۆی لەبارەی قۆناغی ئایندەی پێكەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد و پێشنیاری خۆیان لەبارەی ئەم پرسەوە پێشكەش كرد.
شیاوی باسە هەفتەی جیهانیی پێکەوەژیانی ئایینی ڕێوڕەسمێكی تایبەتە بە عیراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و لە چەندین شاری عیراق ئەنجامی دەدات بە مەبەستی پەرەدان بە کلتووری ئاشتیی و بنبڕکردنی تووندوتیژی و لێک تێگەیشتنی ئایینیی و کلتووری.
ئەمساڵیش بەهۆی بارودۆخی ئەمنی شارەكانی عیراق، لە چەندین شوێنی عیراقدا ئەم ڕێوڕەسمە نەكرا و گەورەترین چالاكیان لەم رۆژەدا لە هەولێر بوو كە زۆرترین بایەخی پێدرا.
