لەكاردانەوەی بڕیارەكانی بەغدا، وەزارەتی كشتوكاڵ هەرێم چەند بڕیارێكی دەركرد

لەكاردانەوەی بڕیارەكانی بەغدا، وەزارەتی كشتوكاڵ هەرێم چەند بڕیارێكی دەركرد
لەبەرامبەر بڕیارەكانی بەغدا دژ بە هەرێم، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو چەندین بڕیاری تایبەت بە هەناردەی بەروبوومی پەلەوەڕو ئاژەڵ دەردەكات.


لە راگەیەنراوێكدا هاتووە، وەك پەرچە کردارێک بۆ بڕیارەکانى لیژنەى باڵاى ئەنفلەوەنزاى باڵندەى عێراقى فیدڕاڵ و وەزارەتى کشتوکاڵى بەغدا بۆ ئەو بڕیارە سیاسییەى داویانە لە قەدەغەکردن و رێگرتن لە هەناردەى مریشک وهێلکەى هەرێم بۆ ناوەڕاست و خوارووى عێراق، وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو ئەم بڕیارانەی دا:

1-رێگە نەدان بەهەناردەى سەرجەم بەروبوومى ئاژەڵى بۆ ناوەڕاست وخوارووى عێراق لەگەڵ گشت ئەو بەروبوومانەى کە عێراق لەدەرەوە هاوردەیان دەکات بەشێوەى پەڕینەوە کە بە خاکى هەرێمدا دەڕوات.

2-خاوەن کێڵگەکانى هێلکەى خواردن دەتوانن بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانى هەرێم ساغ بکەنەوەو هەموو ئاسانکاریەکیان بۆ فەراهەم دەکرێت و بۆ ماوەى دوو مانگ سەربەست دەبن لە فرۆشتنى هێلکە بەبێ مۆرى بەسەرچوون و لەم ماوەیە دەبێت مۆرى تایبەت دروست بکەن و خەتمى دیاریکردنى رێکەوتى بەسەرچوون بۆ هێلکەکان لە دواى دوو مانگەکە دەبێتەوە مەرج لەسەریان .

3- رێگە نەدان بە هەناردەى ئالیک و پێکهاتەکانى لە خاکى هەرێم و ئەوانەى لە دەرەوەش هاوردە دەکرێت بۆ ناوەڕاست و خوارووى عێراق.

4- ئەنجامدانى کۆبوونەوەیەکى بەپەلە لەگەل کۆمەڵەى بەخێوکردنى پەلەوەڕ بۆ دۆزینەوەى چارەسەرى خێرا بۆ کەمکردنەوەى زیانەکان و لەوانەش هەوڵى وەزارەت بۆ دابینکردنى بودجەیەک بۆ کڕینەوەى بەشێک لەبەرهەمەکان.

5- کەمکردنەوەى هاوردەى گۆشتى مریشک لە دەرەوە لە سەرجەم پارێزگاکانى هەرێم و هەرکاتێک نرخ بەرز بووەوە, چاوخشاندن بەم بڕیارە دەکرێتەوە .

6- داوا لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بکرێت کە ئەو وەزارەتانە پابەند بکات بەکڕینەوەى گۆشتى مریشک و هێلکەى خۆماڵى کە گرێبەستى دابینکردنى خۆراکیان لەگەڵ بەڵێندەران هەیە.

Top