مەحموود سەنگاوی: هەرکەسێک لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان نەبێ، ئەوا ”مردووە
”مەحموود سەنگاوی“، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگە لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی (کوردستان 24)دا رایگەیاندووە، کە بەشداریی ریفراندۆمی گەلی کوردستان دەکات و ”بە هەر 10 پەنجە“ مۆر دەکات.
مەحموود سەنگاوی پێیوایە هەرکەسێک ئاواتی ئازادبوون و سەربەخۆبوونی نەتەوەکەی نەبێت، ئەوا ”کەسێکی مردووە“.
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان باسی لەوەشکردووە، کە ”دەبێ ھەموومان لەگەڵ دەوڵەتی کوردی بین“، چونکە ریفراندۆم و سەربەخۆبوون ”مافێکی شەرعیی میللەتە“.
مەحموود سەنگاوی پێشیوایە ئەگەر لەم کاتەدا ریفراندۆم لەو ناوچە عەرەب نشینانەش بکرێت کە کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە، ئەوا سەردەکەوێت و ئەو عەرەبانەش خۆیان دەخەنە پاڵ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.
پشتگیریکردنی سەنگاوی لە ریفراندۆم و جیابوونەوەی کوردستانی باشوور لە عێراق، دوای داوای ”مەسعود بارزانی“، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان دێت، کە داوای لە هێز و لایەنە سیاسییەکان کرد پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، کە (بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت)، ئەنجام بدرێت، بۆ دیاریکردنی ئایندەی کوردستانی باشوور.
باسنیوز
