بزووتنەوەی ئیسلامی: پشتگیری پەیامەکەی بارزانی دەکەین بۆ ڕیفراندۆم
"عەبدوڵڵا وەرتی" گوتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووە، گوتی: "کۆمیتەی کاراکردنی پەرلەمان کە لە کۆبوونەوەکەی بارزانی بڕیاری لەسەردراوە، دەسەڵاتی تەواوی لەلایەن بارزانیەوە پێ دراوە، ئەو كۆمیتەیە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كۆ بوەتەوە ئۆمید دەكەین لایەنە سیاسییەکان بەپیر خواستەكانی خەڵكی كوردستان و ئەو كۆمیتەیەوە بێت بۆ ئەوەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان ئاسایی بكرێتەوە و لە كۆبوونەوەی داهاتووی نێوان سەرۆكی هەرێم و لایەنەكان بەشدار بن".
گوتیشی: "ئەو لایەنانەی بەشدار بوون لە كۆبوونەوەكە یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بوون لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم كە مافێكی یاسایی و دەستووریی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، ئێستا ڕاستە قەیرانی دارایی هەیە، هەندێك كێشە هەن، بەڵام دەبێت هەموو ئەمانە بەلاوە بنێین و خەڵكی كوردستان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، ئەگەر دوێنێ زوو بێت، بەیانی درەنگ بێت، ئەمڕۆ كاتیەتی كە ڕیفراندۆم بكەین، لەبەر ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە و سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە".
ئەوەشی خستەروو: مانای ڕیفراندۆم ئەوە نییە كە وەك سەرۆكی هەرێم لە پەیامەكەیدا رایگەیاندووە كە بەیانی دەوڵەتی كوردی رادەگەیێنێت، بەڵكو ئەوە دەمێنێت تا لەو كاتەی كات گونجاوە دەوڵەتی كوردی ڕادەگەیێنێت، بۆیە ئێمە پشتگیری لەو پەیامەی سەرۆكی هەرێم دەكەین و تەئكید لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەكەینەوە.
باسنيوز
