لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی فیدراڵی رووسیا: گشتپرسی مافی رەوای گەلی کوردە

 لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی فیدراڵی رووسیا: گشتپرسی مافی رەوای گەلی کوردە
پرسی ئەنجامدانی گشتپرسی لە باشووری کوردستان جارێکی دیکە دەکەوێتە بەرباس وخواس، لە رووسیا یاساناس و دەستوورناسانی ئەو وڵاتە لەڕووی یاسایی و دەستورییەوە پێیانوایە کە باشووری کوردستان دەتوانێت گشتپرسی ئەنجام بدات.

سێرگیی میخایڵۆڤیچ، پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی راگەیاند: "هەموو نەتەوەیەک هەموو گروپێک مافی خۆیەتی کە مافی چارەنووسی خۆی دیار بکات، کوردستان ئەو مافەی هەیە کە پرسی گشتپرسی بخاتە بەر باس و بڕیاری لێبدات، بەڵام حکومەتی عێراقیش مافی ئەوەی هەیە چوارچێوەی خۆی بپارێزیت بۆیە دەبێت چارەسەرێکی هاوسەنگ بدۆزنەوە."

ئەنجامدانی گشتپرسی لە هەرێمی کریمیای ئۆکرانیا و گەڕانەوەی بۆ سەر رووسیا و لەلایەکی دیکەوە گشتپرسی باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و جیابوونەوەیان لە ئۆکرانیا، دوو پرسی نوێ بوون کە پەیوەندی راستەوخۆیان بە رووسیاوە هەبوو و رووسیا پشتیوانی لیکردن .

سەبارەت بە گشتپرسی باشووری کوردستانیش سەرۆکی لیژنەی یاسا و دەستووری ئەنجوومەنی فیدراڵی رووسیا دەڵێت: "بەپێی یاسا گشتپرسی ئامڕازێکە بۆ گوزارشت لە ویستی خەڵک".

ئەندرێی کلیشاس سەرۆکی لیژنەی یاسا و دەستووری ئەنجوومەنی فیدراڵی رووسیا راگەیاند: "لە روانگەی یاساییەوە گشتپرسی گوزارشتی ویستی خەڵکە و مافی خەڵکە، کە مەبەست و ئامانجێکی داواکراوی هەیە، ئەوان دەیانەوێ بارودۆخێک بگۆڕن، دەبێت لەسەر ئەو پرسە رای جیاواز هەبێت خەڵکانێک دەیانەوێ و خەڵکانێک نایانەوێ، پێویستە خەڵک ئازاد بێت کە خۆی بڕیار بدات."

پرسی گشتپرسی باشووری کوردستان هێشتا کاتی ئەنجامدانی دیاریی نەکراوە، بەڵام هەر لە ئێستاوە هەندێک وڵات و لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی، بۆچوونی خۆیانیان لەو بارەوە دەربڕیوە.







رووداو
Top