کۆبوونەوەی کۆمیتەی ئاساییکردنەوەی پەرلەمان و حکوومەت لەگەڵ گۆڕان دەستی پێکرد
کەمێک لەمەوبەر سەرجەم شاندەکان گەیشتوونەتە مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی (زەرگەتە)ی شاری سلێمانی و کۆبوونەوەکەیان دەستی پێکردووە.
شاندی پارتی لەو کۆبوونەوەیەدا لە د. ”ڕۆژ نووری شاوەیس“ و ”مەحموود محەمەد“، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتووە.
شاندی یەکێتی لە ”مەلا بەختیار“، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، ”سەعدی ئەحمەد پیرە“، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێکهاتوون.
شاندی یەکگرتووی ئیسلامی لە د. ”محەمەد ئەحمەد“، جێگری ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو و ”عومەر محەمەد“، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پێکهاتوون.
لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە، هەریەک لە “عومەری سەید عەلی، عوسمانی حاجی مەحموود، جەلال جەوهەر و قادری حاجی عەلی“، بەشدارن.
هەرچەندە ”نێچیرڤان بارزانی“، یەکێکە لە ئەندامانی کۆمیتەی ئاساییکردنەوەی پەرلەمان و حکوومەت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێستا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بارزانی لە کۆبوونەوەکەی گردی زەرگەتەدا بەشدار نییە.
باسنیوز
