نەخشەی سایكس پیكۆ بە كردەیی لە عێراق و سووریا كۆتایی هاتووە

نەخشەی سایكس پیكۆ بە كردەیی لە عێراق و سووریا كۆتایی هاتووە
پێشمەرگە بەدەر لە كاریگەری سەربازی و دابینكردنی ئاسایش و ئارامی بۆ خەڵكی كوردستان، لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزەی پێی دەوترێت (داعش) رۆڵێكی دیكەی گێڕاوە، كە هەتا مێژووی كوردستان هەیە، دەبێ خۆی بە منەتبار و قەرزداری ئەو هێزە بزانێ. چونكە پێشمەرگە بوو بە ئەو هێزەی توانی گوڕ و تەوژمی سیاسی و دیپلۆماسی بە دۆزی رەوای گەلی كوردستان ببەخشێ. ئەوە ناوی پێشمەرگەیە، بووە بە چەمك، بووە بە زاراوەیەكی وێردی سەر زار و زمانان، نەك هەر لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچەكە، تەنانەت سنوورە نێودەوڵەتییەكانی تێپەڕاند و لەسەر ئاستی جیهان ناوەندە سیاسی و رۆشنبیری و میدیاییەكان و سایتەكانی ئەنتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان -ئەوانەی بە سۆشیال میدیا ناو دەبرێن- لە هەموو ئەو ناوەندانە خۆی ناساند. ئێستا لە وڵاتانی ئەوروپا لە شەقامەكان كە وترا: پێشمەرگە، دەزانرێ باسی سوپایەك دەكرێ كە كورد و كوردستانییە و شەڕدەكات لەگەڵ هێزێك كە لە لووتكەی ناشیرینترین رەفتاری مرۆڤایەتیدایە لە مێژوودا، ئەویش داعش ـە. جگە لەوەی پێشمەرگە بووەتە كاراكتەرێكی سەرەكی و بكەرێكی بزۆز و چالاك لە بەرەنگاربوونەوەی داعش لەم سەردەمە هاوچەرخەدا، رۆژێكیش دادێت شێوازی شەڕی پێشمەرگە لە ناوەندە سەربازییەكانی دنیا لەسەر ئاستی كۆلیژەكان دەخوێندرێت و دەبێت بە بابەتی مەشقی سەربازی.

لە درێژەی قسەكانیدا هیوا ئەحمەد دەڵێ: شێوەی سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە لە چۆنیەتی ئازادكردنەوەی شەنگال لە ژێر فەرماندەیی رێزدار مسعود بارزانی-دا زۆر سەرنجی ناوەندە سەربازییەكانی جیهانی بۆلای خۆی راكێشاوە و چەندین دامودەزگای سەربازی سەرقاڵی توێژینەوە كردووە و وانە و پەند و سوودی لێ وەردەگرن. بۆیە ناكرێ دەوڵەتانی وەك (ئەمریكا، ئەڵمانیا، فەرەنسا) ناوەندە سەربازییەكانیان سەرسام بن بە شێوازی شەڕی پێشمەرگە و هەست بكەن وانەیان لێ فێردەبن، بەڵام ئامادە نەبن پشتیوانی لۆجیكی و ورەیی ئەو هێزە بكەن، خۆ ئەگەر كردیان، ئەوە لەوێ بڕیارەكە گەیشتۆتە ئۆرگان و ناوەندێكی دیكە، كە بڕیاری سیاسییە. ئێمەش بۆ كاری ستراتیژی خۆمان ئیشمان بەو بڕیارە سیاسییەیە، كە پڕۆژەی هەڵوەشانەوەی نەخشەی رێككەوتننامەی -سایكس پیكۆ -یە، لانیكەم لەسەر هەرێمی كوردستان. بۆیە لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە چی بكەین بۆ كەڵك وەرگرتن لە هاوسۆزی بۆ پێشمەرگە؟ دەكرێت بڵێین: پێویستە كارێكی وابكەین هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان تەنیا زمانی سەربازی نەزانن و بە فكر و هزری سیاسی و رۆشنبیری لەگەڵ شاندی ئەو وڵاتانەی كە دێن بۆ كوردستان گفتوگۆ بكەن، یان ئەو شاندە سەربازییانەی دەڕۆن بۆ خۆرئاوا و یەكێتی ئەوروپا، نابێ هەر بە زمانی سەربازی بدوێن، بەڵكو پێویستە ئامانج و تەوەرە سەركی و گرنگەكانی وتارەكانیان بە (نووسین) لە سەركردایەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێكبخرێت، قورسایی پەیامەكە پێش ئەوەی سەربازی بێت، دەبێت سیاسی بێت، ئەوجار داوای ئەوە بكرێ كە پێشمەرگە پێویستی بە پشتیوانی سەربازی خۆرئاوا و جیهان هەیە، بۆ ئەوەی كوردستان ببێتە خاوەنی دەوڵەت، تا خۆی و دەوروبەر لە هەڕەشەكانی داعش بپارێزێت.

شايانه باسه هیوا ئەحمەد دەڵێ: پەنابەرانی كوردستان لە رۆژئاوا ئەوەی پێی دەوترێت جالیەی كوردی، یان هەرچی ناوی بنێین، ئەوانەی ئێستا لە دەرەوە ژیان دەبەنەسەر، زۆر گرنگە لایەنی نەرێنی كوردستان وەلابنێن و لایەنی باش و گەشی كوردستان و هەرێمەكەمان بەرنە پێش و برەوی پێ بدەن. زۆر گرنگە لە بازاڕەكان، كارگەكان، شوێنە گشتییەكان، ناوەندە رۆشنبیری و ئەكادیمییەكان و ئەو شوێنانەی كوردەكانی دەرەوە كاری خۆیانی تێدا رایی دەكەن، لەگەڵ خەڵكی بیانی لە وتووێژدا بن و باسی مێژووی غەدرلێكراوی كوردستان بەدەست ئەنجام و ئاكامەكانی -سایكس پیكۆ-وە بكەن، كە جگە لە نەگبەتی بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاشووب و فیتنەكاری بەرهەمێكی دیكەمان لێ نەچنیوەتەوە. وەك دەبینن ئێستا جیهان بەگشتی باجەكەی دەدات. بەڵام لەو حاڵەتانەدا و لە ئێستاشدا میدیای كوردستان، سەتەلایتەكان و رۆژنامە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەركێكی گرنگییان دەكەوێتە ئەستۆ، ئەویش وشیاركردنەوەی خەڵكی كوردستانە، تا ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین، زانیاری گشتییان هەبێ، بۆ ئەوەی هەموومان وابكەین دنیای دەرەوە جموجووڵ و چالاكی و بزاوتی سیاسی و رۆشنبیری زۆرتری تێ بكەوێ تا داوای پشتیوانی لە گەلانی دنیا بۆ سەربەخۆی كوردستان بكەین.


لە كۆتایی قسەكانیدا هیوا ئەحمەد مستەفا گوتی: راستییەكی تاڵ و هۆكارێكی ناخۆش و ئاستەنگێكی گەورە هەیە و نابێ نكۆڵی لێ بكەین، كە بووەتە رێگر لە بەردەم بەرەوپێشچوون لەم دۆخەدا، ئەویش ناڕێكی و ئاڵۆزی ناوماڵی خۆمانە وەك هەرێمی كوردستان. ئەم پەرت و بڵاوی و ناسەقامگیرییە سیاسییەی هەرێمی كوردستان هەل و مەرجێكی درووستكردووە، دەست و قاچی دیپلۆماسیەتی كوردی لە زۆر بواردا شەتەك داوە و گرفتی زۆری بۆ درووستكردووە. ئێمە پێشتر باسمان كرد، بۆ بونیادی دەوڵەتی كوردی نابێت رەوەندی كوردی لە ئەوروپا و خۆرئاوا بەگشتی لەبیر بكەین، بەداخەوە لە بەدبەختی و پەرتەوازەیی ناوماڵی كوردی لە جیاتی ئەوەی بە یەك دەنگ و یەك رەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان خۆپێشاندان بكرێ، كەچی دەبینین هەوڵ و كۆشش هەیە بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی ئەوروپا و باڵیۆزخانە و كونسوڵیەتەكان پێچەوانەی ئەوە بخەنەڕوو، واتە هەنگاو بۆ پەرتەوازەیی ناوماڵی كورد دەهاوێژرێت، هەوڵدەدرێت پێشمەرگە وەك میلیشیا بناسێندرێت، بەوەش ئەوروپییەكان تێدەگەن كورد یەك دەنگ و یەك رەنگ و خاوەن یەك وتاری سیاسی نییە.

گۆڤاری گوڵان
Top