کەس لەسەر تەقاندنەوەی بۆریی غازەکە نەگیراوە
ھەر لە ساتەکانی سەرەتای رووداوەکەوە، بەشێک لە میدیا کوردستانییەکان و تەنانەت خەڵکانێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەنتەرنێتیشەوە، پەنجەی تۆمەتیان بۆ کەسی یەکەمی بزووتنەوەی گۆڕان لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، راکێشا، ئەمەش بەو ھۆیەوە بوو کە پێشتر ناوبراو لە ئاکاونتی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، ھەڕەشەی تەقاندنەوەی ئەو بۆڕیی غازانەی کردبوو، بەڵام تا ئێستا ھیچ لایەنێکی ئەمنی و یاسایی و لێکۆڵینەوە، بە رەسمی ئەو ھەڵسووڕاوەی گۆڕانیان تۆمەتبار نەکردووە، بەڵام ئێستاش ھەڕەشەکانی بەرپرسەکەی گۆڕان لەلایەن لیژنەکانی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەوە، بەدواداچوونی بۆ کراوە.
نازم ھەرکی، جێگری لیژنەی ناوخۆ و ئاساییش لە پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێکدا رای گەیاند: "لیژنەیەکی ئەمنیی توند بۆ لێکۆڵینەوەکە لە تەقاندنەوەی بۆڕیی غازی نێوان چەمچەماڵ – ھەولێر پێکھێنراوە و ئەوانەی ئەو کارەشیان کردووە دەبێ بە زووترین کات دەستگیر بکرێن، چونکە ناکرێ لە ڕووداوێکی لەو شێوەیەدا بێدەنگی ھەڵبژێرین، لە کاتێکدا ئەو ڕووداوە ڕووداوێکی ھەستیارە و پەیوەندسی بە ئەمنی قەومی و ئابوورییەوە ھەیە".
جێگری لیژنەی ناوخۆ و ئاساییش ئەوەشی گوت: "ھەڕەشەکانی عەبدوڵای کوێخا موبارەک، وەکو بەڵگەیەکی زیندوو لەلان لیژنەی لێکۆڵینەوە بەکار دەھێنرێت، بۆیە لیژنەکانی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە ھەوڵی ئەوە دەدەن ھەموو سەرەداوێکی گرنگیان دەست بکەوێت، بێگومان ئەو کاتەش تەواوی تاوانبارەکان ڕاپێچی دادگا دەکرێن و بە سزای خۆیان دەگەن".
لیوا حیکمەت نیعمەت، جێگری لیوای دووی پۆلیسی نەوت و غاز لە لێدوانێکدا رای گەیاند:" رووداوی تەقاندنەوەی بۆڕیی غازەکە ڕووداوێکی ناجۆر و شەرمەزاری بوو بۆ ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کردووە، بەداخەوە نەدەبوو بەو شێوەیە زەرەر لە موڵکی گشتی بدرێت، بەڵام خۆشبەختانە دوای ڕووداوەکە، لەلایەن پۆلیس و ئاساییشی کەرکووکەوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە پێکھێنراوە و ئێستاش لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە".
گوتیشی: "تا ئێستا روون نییە ئەو تەقینەوەیە چ دەستێکی لەپشتەوەیە، بەڵام ئێمە لیوایەکی تایبەتین بۆ پاراستنی ھەموو دامودەزگاکانی نەوت و غازی ھەرێم، ھەروەھا ئەو شەوەی ڕووداوی تەقینەوەکە ڕووی داوە، تەنھا (داناغاز) لە رووداوی تەقینەوەکە ئاگادار کراوەتەوە و ئێمەش چووینە شوێنی رووداوەکە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "بەھۆی رووداوی تەقینەوەی بۆریی غازەکەوە ئێستا ئێمە ڕێوشوێنێکی ئەمنیی توندمان گرتووەتە بەر، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی پاسەوانەکانمان زیاد کردووە و بە شەو دەوریاتی توندوتۆڵمان ھەیە بۆ ڕێگریکردن لە ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو". ڕوونیشی کردەوە: "تەقاندنەوەی بۆریی غاز بە کەسانی ئاسایی ناکرێت، ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە رەنگە شارەزاییەکی باشیان ھەبووبێت، بۆیە لە کاتی لێکۆڵینەوە لە رووداوی تەقاندنەوەی بۆریی غازەکە دەرکەوتووە بە تی ئێن تی تەقێنراوەتەوە".
دەربارەی ئەوەی ئاخۆ ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کردووە گومان دەکرێ چەند کەس بووبن، لیوا حیکمەت گوتی: "رەنگە تیمێکی پێنج کەسی ئەو کارەیان کردبێ، چونکە عەمەلی تەقینەوە لە پێنج کەس زیاتر نابێت، بێگومان ئەو کەسانەی ئەو کارەشیان کردووە دواتر باجی تاوانەکەیان دەدەن".
دەربارەی ئەوەی تا چەند ڕاستە دەگوترێت دانیشتووانی شاردێی (شوان) چەند ڕۆژێک بەرلەوەی تەقینەوەکە ڕوو بدات، تی ئێن تییان لە دەوری بۆریی غازەکانەوە بینیوە، لیوا حیکمەت، گوتی: "باوەر ناکەم بۆریی غازەکە تی ئێن تی ڕێژ کرابێت، بێگومان ئێمە وەکو پاسەوانانی بۆرییە غازەکان لەگەڵ دانیشتووانی شارەدێی (شوان) گفتوگۆمان کردووە، ئەوان دەڵێن لەو ناوچەیە ڕاوچی زۆرە و شەوانە بۆ ڕاوی ئاژەڵ لەو سنوورە ھاتوچۆ دەکەن". ئاشکراشی کرد: "شەوی دووشەممە لەسەر سێ شەممە، واتا دوو ڕۆژ بەرلەوەی بۆریی غازەکە بتەقێنرێتەوە، بڕێکی کەم تی ئێن تی لە ھەمان ئەو بۆریەی تەقێندرابووەوە، دانرابوو، دواجار ئەو تی ئێن تییە تەقییەوە، بەڵام تی ئێن تییەکە ڕێژەیەکی زۆر نەبوو، بۆیە تەنھا ١٠ سم بۆرییەکەی ھەڵتەکاندبوو".
دەربارەی ئەوەی کێ بوون ئەوانەی تی ئێن تییان لە نزیکی ئەو بۆریی غازەوە داناوە، لیوا حیکمەت، گوتی: "تا ئێستا ھیچ کەسێک نازانێت کێ تی ئێن تییەکەی لە نزیکی ئەو بۆریی غازەوە داناوە".
دەربارەی ئەو ھەڕەشانەی عەبدوڵای کوێخا موبارەکیش، ئەو بەرپرسە باڵایەی پاراستنی نەوت و غاز گوتی: "راستە عەبدوڵای کوێخا موبارەک ھەڕەشەی تەقاندنەوەی بۆڕییە غازەکانی کردووە، بەڵام مەرج نییە ئەو بەو کارە ھەستابێ، ڕەنگە کەسانێک ئەو کارەیان کردبێ ڕق و کینەیان بەرامبەر بەو ھەبێت".
لەوبارەیەوە بەھجەت واحید، بەڕێوەبەری ناحیەی شوان لە لێدوانێکدا گوتی: "تەقینەوەی بۆریی غازەکە لە سنووری شارەدێی (شوان) ڕووی داوە، ئێمەش وەکو بەڕێوەبەری ناحیەی (شوان) بە ھاوبەشی لەگەڵ ئاساییش و پۆلیس چووینە شوێنی ڕووداوەکە، تا ئەو کاتەی ئاگرەکە کوژێنرایەوە ئێمە لە شوێنی ڕووداوەکە ماینەوە و دواتر تیمەکانی دانا غاز و سامانە سروشتییەکان بۆرییەکەیان چاک کردەوە، لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە و ئەو کەسانەی بەو کارەش ھەستاون کارێکی باشیان نەکردووە، بێگومان لە کاتی لێکۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەکاندا، ئەگەر کەسەکانی پشت ئەو ڕووداوە بدۆزرێنەوە، ئەوا ڕووبەڕووی یاسا دەبنەوە".
گوتیشی: "دوای تەقینەوەی بۆریی غازەکە، ئاساییشی گشتی بە بڕیاری دکتۆر خەسرە و بە ھاوبەشیی ئاساییشی کەرکووک، سەرپەرشتسی لێکۆڵینەوەکەیان دەکرد، ھەروەھا خودی قوباد تاڵەبانی ڕاوێژکاری خۆی ھێناوە بۆ بەدواداچوونی جدی لەسەر ڕووداوەکە، بۆ ئەوەی بزانین ئاخۆ ئەمە کارێکی تیرۆریستی بووە، یاخود دەستێکی ناوخۆیی لەپشتەوە بووە".
گوتیشی: "تا ئێستا ھیچ کەسێک لەسەر ئەو ڕووداوە دەستگیر نەکراوە، بەڵام لیژنەکانی لێکۆڵینەوەی ئاساییش و پۆلیس لەسەر چۆنیەتیی ڕووداوەکە، بە دوای سەرەداوی گرنگدا دەگەڕێن".
دەربارەی ئەوەی بۆچی پێشتر بۆریی غازەکە تی ئێن تی ڕێژ کراوە، بەڕێوەبەری ناحیەی (شوان) گوتی: "ئاساییش بۆ خۆی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکات، من نازانم تی ئێن تی ڕێژ کراوە یاخود بە پێچەوانەوە، ئەو زانیارییە لای دەزگا ئەمنییەکانە، بەڵام لەو سنوورەی ئێمە ڕاوچی ھەیە، بێگومان ھەمیشە ڕاوچییەکان چەکیان پێیە و زۆرجار تی ئێن تی بۆ ڕاو بەکار دەھێنن، ئێستا ئێمە بەھۆی ئەو ڕووداوەوە، بە ھاوکاریی پۆلیسی دارستان ناھێڵین ھیچ کەسێک لەو ناوچەیە ڕاو بکات".
باسنيوز
