دانا گاز دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گازی لە كوردستان راگەیاند

 دانا گاز دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گازی لە كوردستان راگەیاند
کۆمپانیای دانا گازى ئیماراتی رایدەگەیێنێ، بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرومۆر دەستیپێکردووەتەوە و بۆرییە گازە تەقێندراوەکەی نێوان هەولێر و چەمچەماڵ چاککراوەتەوە.

دانا گاز لە بەیاننامەیەكدا كە رۆژی سێشەممە 2-2-2016 بۆ بۆرسەی دوبەی ناردوویەتی، پێشبینیكردووە ئەو هەنگاوە ببێتە هۆی زیادکرنی قازانج و بەرهەمهێنان لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵدا.

جەختیشیكردووەتەوە كە ئێستا کێڵگەی کۆرومۆر بەهەموو توانایەوە گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا دەنێرێت. هاوکات راشیگەیاندووە، ئەو رووداو زیانی لەسەر قازانجەکانی ئەو کۆمپانیایە و قازانجی چارەگی یەکەمی ئەمساڵی دەبێت.

شەوی 28/1/2016 لە نزیك ناحیەی شوان بۆرییەكی گاز کە لە گوندی گردەدێی سەر بە شارەدێی قادرکەرەمەوە بەرەو هەولێر راکێشراوە، تەقییەوە، بەهۆی ئەو رووداوەش بەرهەمهێنانی گاز 50% كەمیكرد و كارەبا 1250 مێگاوات كەمبووەوە.

رۆژی دووشەممە 1-2-2016، وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان توانیویانە بۆرییە گازەكە چاك بكەنەوە و كارەبا بگەڕێننەوە دۆخی جارانی.







رووداو
Top