داودئۆغڵو بۆ پرسی چارەسەری دەچێتە باكوور
سەلفی كە نوێنەری ڕۆژنامەی (یەنی شەفەقی) توركییە لە ئانكەرا، لە وتارێكیدا باسی كۆبوونەوەی حكوومەت و پەكەكە دەكات، كە ئەمەیش بۆ یەكەمجارە نووسەرێكی نزیك لە ئاكپارتی بەو شێوە ئاشكرایە بڵێت دانیشتن لەگەڵ ئیمیرالی گرنگە، چونكە پێشتر ئەردۆگان گوتی بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئیمیرالی دانانیشین.
ئەو باس لەوە دەكات كە سەرۆكوەزیرانی توركیا (ئەحمەد داودئۆغڵو) حەفتەی دابێ سەردانی ماردین دەكات و لەوێ لەگەڵ چەندین لایەن و خەڵك كۆدەبێتەوە. ئەو تەنیا بۆ مەبەستی سەردانیكردن ناچێتە ماردین، بەڵكو مەبەستییەتی هەنگاو بنێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد. هەروەها بۆ برەودان بە پرسی قۆناغی چارەسەریش، پێویستە لەگەڵ هەدەپە و ئیمیرالی كۆببنەوە، ئەوەندەی منیش بزانم حكومەت ئەو هەنگاوە دەنێت.
بە گوێرەی گوتەی سیلفی، حكوومەت دەیەوێت چاوێك بە پرسی قۆناغی چارەسەریدا بخشێنێتەوە، كە لەوێدا لەگەڵ ئیمیرالی و هەدەپە كۆ دەبێتەوە و بەرنامەی تازەی حكوومەت لەوبارەیەوە دەخاتە ڕوو.
سەردانی كردنی داودئۆغڵو یش بۆ ماردین و هەموو شارەكانی دیكەی باكوور بۆ ئەو مەبەستەیە كە ڕاوێژ بە مافپەروەران و خەڵكی لاشەڕ (سڤیل) و چالاكوانانی مەدەنی بكات، بۆ ئەوەی چۆن بتوانن پرسی چارەسەری گیانی بەبەردا بێتەوە.
