دەرفەتی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لەدەست مەدەن
ئۆفرا بینگیۆ هەروەها گوتی: نەخشەی سایكس پیكۆ كاریگەری كەم بوو لەسەر ئەوەی چۆن نەخشەكە لە كۆتاییدا كێشرا. گرنگترین فاكتەر سەركەوتنی ئەتاتورك بوو لە ماوەی شەڕەكەدا و هەروەها پێویستی بەریتانیاش بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئەنقەرەدا. بەهەمان شێوە ولایەتی موسڵ لكێندرا بە حكومەتی بەغدادەوە، لە بەر ئەوەی خزمەتی بەرژەوەندییەكانی ئەوكاتەی بەریتانیای دەكرد، هەرچەندە بەڵێنی ئۆتۆنۆمی بە كوردەكان دابوو، بەڵام جێبەجێی نەكرد، چونكە وای بیر نەدەكردەوە كە هێزێك بن لە گەڵیان رێكبكەون.
شايانى باسه بینگیۆ هەروەها گوتی: بەڕای من كاتی ریفراندۆم هاتووە، كوردەكان چەندین دەرفەتی گرنگیان لەدەستداوە و ئەمەش یەكێكی ترە لەو دەرفەتانە. ئەوەی من بزانم سەبارەت بە كاردانەوە جیهانییەكان ئەوەیە كە سەربەخۆیی هەمیشە لەلایەن ئەوانی ترەوە نانرخێندرێت. ئەگەر زەمینە رەخسێندرا، ئەوا وەك شتێك قبووڵی دەكەن كە ناتوانن خۆیانی لێ لادەن و بیگۆڕن )(fait accompli)).
لە درێژەی قسەكانیدا ئۆفرا بینگیۆ هەروەها گوتی: پرسیارەكە ئەوە نییە ئاخۆ كوردەكان دەتوانن حوكمی خۆیان بكەن (كە لام وایە دەتوانن)، بەڵكو ئەوەیە تا چەند رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی وەك نەتەوەیەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی دراوسێ دەیانەوێت لەگەڵ ئەرزی واقیعدا بسازێن. بۆیە لەوانەیە بەناچاری ئەمە بكەن، ئەگەر بگەنە ئەو دەرئەنجامەی كە دەوڵەتی ئیسلامی، یان وڵاتانی ناوچەكە و ئەوەی لێیان ماوەتەوە خراپترین ئەلتەرناتیڤن. بە رای من هێشتا بەو ئەنجامە نەگەیشتوون.
ئۆفرا لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: درووستبوونی دەوڵەتی كوردستان لە پێشدا بەرژەوەندی كوردە، بەڵام هەنگاوێكی لەم جۆرە گەرەنتی ئەوە ناكات كە بە بێلایەنی بمێننەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی كە فشاریان دەخرێتە سەر لەهەر دوو كامپەكەوە. ئەمە هێڵێكی زۆر باش دەكێشێت لە نێوان كامپی سوننی و شیعی و سەركەوتنی بەندە بەوەی تاچەند كۆمەڵگەی كوردی خۆی لە ئیسلامی سیاسی بەدوور دەگرێت.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1060)
