خەڵكی ئامرلی داوایەك ئاراستەی سەرۆك بارزانی دەكەن
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە ناحیەی ئامرلی دوێنێ یەكشەممە بەرواری 31/1/2016راگەیاند: ژمارەیەك لە كەسایەتی و بەرپرسی ئیداریی ناحیەی ئامرلی سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كردووە و داوایەكیان ئاراستەی كردووە، كە بریتییە لەوەی سنووری ناحیەكەیان بكەوێتە چوارچێوەی ئەو خەندەقەی كە ئێستا پێشمەرگە لێی دەدات."
سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد: دانیشتوانی ناحیەكە پێیان باشە بكەونە ناو ئەو نەخشەیەی كە ئێستا بە خەندەق دیاری دەكرێت.
لەم بارەوە "عەلی حوسێنی" گوتەبێژی چەكدارانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو و دەوروبەری ئەمڕۆ یەكشەممە بەرواری 31/1/2016 راگەیاند: ئێمە لەگەڵ برا پێشمەرگەكانمان دژی تیرۆریستانی داعش و هەموو گرووپێكی دیكەی تیرۆریستی دەجەنگین و ئێستاش ئەو خەندەقەی كە لێدەدرێت بۆ پاراستنی ناوچەكەمانە.
سەبارەت بە چوونی شاندێكی ئامرلی بۆ لای سەرۆكی هەرێم گوتەبێژی حەشدی شەعبی گوتیشی: ئاگادارین كەوا ژمارەیەك لە كەسایەتیی ئامرلی سەردانی سەرۆكی هەرێمیان كردووە و داوایان كردووە ناحیەكەیان بخرێتە چوارچێوەی ئەو خەندەقەی كە ئێستا لێ دەدرێت.
ناحیەی ئامرلی سەر بەقەزای خورماتووە و بە دووریی 30 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری ناوەندی قەزای خورماتوو و زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە توركمانی شیعە پێكدێت.
باسنیوز
