نێچیرڤان بارزانی: کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ عەبادی ئەرێنی بوو

 نێچیرڤان بارزانی: کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ عەبادی ئەرێنی بوو
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئەرێنی وەسف دەکات و جەخت لەسەر گرنگی بەردەوامیدان بە کۆوبوونەوەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکاتەوە.

بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 31-1-2016 فوئاد مەعسوم، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدا لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

دکتۆر فوئاد مەعسوم، جەختیکردووەتەوە لەسەر پێویستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و زیادکردنی سەردانەکانی نێوان بەرپرسانی بەغدا و هەولێر لەپێناو زاڵبوون بەسەر کێشەکان و چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و گەیشتن بە چارەسەکردن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەسەر سەرجەمی کێشەکانی ئیستا، کە بەجۆرێک لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت.

سەرۆککۆماری عێراق، سەرلەنوێ پاڵپشتی خۆی بۆ هەر هەوڵێک دووپاتکردەوە، کە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا بدرێت.

وەک لە راگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجامی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سەرۆککۆماری عێراق باسکرد و بە ئەرێنی وەسفیکردووە. هاوکات ئەوەی خستەڕوو، کە لەسەر چەندین پرسی جیاواز و رەوشی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە.

نێچیرڤان بارزانی جەختیکردەوە لەسەر گرنگی بەردەوامیدان بە کۆوبوونەوەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و فراوانکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگی لەبارەی سەرجەم پرسەکانی نێوان هەردوولا.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوایکرد ئەوە لەبەرچاوبگیرێت، کە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئاوارەی لە خۆگرتووە، کە بارێکی قورسی ئابووریی و دارایی لەسەر هەرێمی کوردستان دروستکردووە، ئەوە وێڕای گوشاری خزمەتگوزاری و مرۆیی کە هەرێمی کوردستان لە ئەستۆیگرتوون.

نێچیرڤان بارزانی داوایکردووە، حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتی ئەو تەنگژەیە بگرێتەئەستۆ، کە بارێکی قورسی لەسەر ئاستی دارایی و ئابووریی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دروستکردووە.









رووداو-
Top