تەرمی 7 كۆچبەری دیكەی كورد لە دوورگەیەكی یۆنان دۆزرانەوە
لە دوورگەیەكی وڵاتی یۆنان تەرمی 7 كۆچبەری كورد كە لە 22/1/2016 لە ئاوی ئیجەدا خنكان، دۆزراونەتەوە، هەوڵیش دەدرێت هەینی داهاتوو تەرمەكان بگەڕێندرێنەوە هەرێمی كوردستان.
نەزهەت حوسێن، بەرپرسی بەشی پەنابەران و رەوەندی كوردی لە بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "لە دوورگەی لیرۆس لە وڵاتی یۆنان، تەرمی 7 كۆچبەری كورد دۆزراونەتەوە و ناوی هەر حەوت كۆچبەرە خنكاوەكەشمان بەدەست گەیشتووە".
نەزهەت حوسێن روونیشكردەوە، ئەو 7 تەرمە لەگەڵ 20 تەرمی دیكە كە پێشتر لە دوورگەی كالمینۆس دۆزرابوونەوە، لەسەر خەرجی نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەهاوكاری رەوەندی كوردی و باڵیۆزخانەی عێراق دەهێنرێنەوە هەرێمی كوردستان.
گوتیشی:"رێكاری یاسایی هێنانەوەی تەرمەكان تەواو بووە، پێشبینی دەكەین رۆژی هەینی داهاتوو هەر 27 تەرمەكە بگەنەوە هەرێمی كوردستان". لەو دوو بەلەمی رۆژی 22-1-2016 لە دەریای ئیجەدا نقومبوون، تاوەكو ئێستا تەرمی 13 كۆچبەر گەڕێندراونەتەوە شارەكانی هەولێر و سلێمانی، بەپێی زانیارییەكانی رووداو، نزیكەی 70 كۆچبەری باشووری كوردستان لەسەر ئەو دوو بەلەمەدا خنكان و بێسەروشوێن بوون.
ناوەکان
1.لینا تاریق
2.سەهرە رەسوڵ نەبی
3.شلێر ئەنوەر خدر
4.سۆلین گەیلان ئەنوەر
5. ئەلەند سیروان
6.فریشتە سیروان
7. مەیار قەیس
رووداو
