كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵ و یەكگرتوو كۆدەبنەوە

كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان  و كۆمەڵ و یەكگرتوو كۆدەبنەوە
شاندێكی یەكێتی ئەوروپا و 10 كونسوڵی وڵاتان سەردانی لایەنەكان سیاسییەكانی باشووری كوردستان دەكەن و یەكەمجاریش لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی كۆدەبنەوە، شاندەكە ئێستا لەگەڵ عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵ لە كۆبوونەوەدایە.

رۆژی یەكشەممە 31-1-2016، شاندێكی یەكێتی ئەوروپا و 10 كونسوڵی وڵاتانی بیانی، لەوانە (ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا و..هیتد) بەسەرۆكایەتی پاتریك گەیسن، بەرپرسی نووسینگەی یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆدەبێتەوە. بڕیارە سەردانی یەكێتی و گۆڕانیش بكەن.

ئێستا شاندەكە لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی لە كۆبوونەوە دایە، پێشتر حەسەن بابەكر، بەرپرسی نووسینگەی ئەمیری كۆمەڵ بە رووداوی گوتبوو، بڕیارە لەبارەی بارۆدخی سیاسی و دارایی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ و ئاڵوگۆری بیروڕا بكەین.

سەردانی ئەو شاندەی یەكێتی ئەوروپا بۆ لای لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان بۆ هەوڵدان و نزیكخستنەوەی بۆچوونەكانە سەبارەت بە قەیرانە سیاسییەكان و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕایە دەربارەی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی دارایی.

ئەو هەوڵەی نوێنەرانی وڵاتان چەند رۆژێك پێش دووەمین كۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان دێت كە بڕیارە 6-2-2016 ئەنجام بدرێت و هەوڵدەدەن ئەمجارە سەرجەم لایەنەكان بەشدار بن، چونكە لە كۆبوونەوەی یەكەمدا كە هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو، گۆڕان و كۆمەڵ بەشدارییان نەكرد.












رووداو
Top