لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مان: لایەنێکی سیاسی لە پشت تەقاندنەوە بۆریی غازی ھەرێمی کوردستانە

لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مان: لایەنێکی سیاسی لە پشت تەقاندنەوە بۆریی غازی ھەرێمی کوردستانە
جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، زانیارییان ھەیە کە لایەنێکی سیاسی لە پشت تەقاندنەوەی بۆریی غازی ھەرێمی کوردستانە، بەڵام لەبەر سەلامەتیی لیژنەی لێکۆڵینەوە، جارێ زانیاری ئاشکرا ناکەن.

جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان(نازم ھەرکی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، تەقاندنەوەی بۆریی غازی نێوان کەرکووک-ھەولێر دەستێکی سیاسی لە پشتە و کارێکی خراپە، چونکە ئەمە پێوه‌ندی به‌ قوتی خەڵکەوه‌ هه‌یه‌ و کاریگەریی خراپی دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەمە تەنھا موڵکی لایەنێکی سیاسی نییە ئەمە بکاتە ئامانج.

پاش ته‌قندنه‌وه‌ی بۆریی غازی قادركه‌ره‌م - هه‌ولێر، لیژنەیەک دروست کراوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەو پرسە بکات و، هێیشتا لە لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌ردواداچوونه‌كانی بەردەوامە.
(نازم ھەرکی) له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتی، ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە سودیان لە کەش و ھەوا وەرگرتووە و لە ناو چاڵێکدا تەقاندوویانەتەوە، كه‌ دوو(کم) لە جادەوه‌ دوور بووە، كه‌ له‌ ئاكامدا زیان بە دوو مەتری بۆرییەکە کەوتووە، به‌ڵام چونكه‌ وێستگه‌ی كاره‌بای چه‌مچه‌ماڵ و هه‌ولێری له‌سه‌ره‌، زیانی زۆری ھەبووە بۆ کارەبای نیشتیمانی.

جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، زانیاریمان لە بەردەست ھەیە چۆن ئەوکارە کراوە و، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ لایەنێکی سیاسی لە پشت ئەو کارەوەیە، بەڵام لەبەر سەلامەتیی لیژنه‌ی لێکۆڵینەوە، جارێ زانیاری نادرکێنین، چونکە لای ئێمە سەلامەتیی لێکۆڵینەوە زۆر گرینگە و پێویستە کاری خۆیان تەواو بکەن، ئەوکات ئەنجامەکە ئاشکرا دەبێت.

وه‌ك (نازم ھەرکی) ده‌ڵێ، ئەوجۆرە کردەوانە لە کرداری تیرۆریستی خراپترن، چونکە بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستاندا کەسانێک ھەبن ئەوجۆرە کردەوانە ئەنجام بدەن، چونكه‌ ئه‌مانه‌ سه‌لماندیان كه‌ دوژمنی گەلی کوردن.

Top