لە ناوچەی سووری باكووری كوردستان 20 ھەزار كەس ئاوارە بوونە

لە ناوچەی سووری باكووری كوردستان 20 ھەزار كەس ئاوارە بوونە
بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی باكووری كوردستانه‌وه‌، تەنھا لە ناوچەی سووری سەر بە شاری ئامەد، 20 ھەزار كەس ناچار بوونە ماڵەكانیان جێ بھێڵن و ئاوارەی شار و ناوچەكانی دیكە ببن.

بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24: "شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە ناوچەی سوور20 ھەزاركەسیان ناچار كردووە، ماڵ و حاڵیان جێ بھێڵن و روویان لە ناوچە و شارەكانی دیكە كردووە".

لە ئێستایشدا قەدەغەی ھاتوچۆ لە لایەن بەرپرسانی توركیا لە 5 گەڕەكی دیكەی ناوچەی سوور راگەیێندراوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ژمارەیەكی زۆری دیكەی ھاووڵاتیان ئاوارە ببن و، بەھۆی قەدەغەبوونی ھاتوچۆیشه‌وه‌ زۆر كەس ناتوانن بڕۆن كەلوپەلی پێویست لە ماڵەكانیان بێننە دەرەوە.

ھاووڵاتییەكی دانیشتووی ناوچەی سوور ده‌ڵێ: "سەرەڕای ئاوارەبوون، كرێی خانوو بەرز بووەتەوە، ئەو خانووانەی پێشتر كرێیان 400 لیرە بوو ئێستا بووە بە 800 لیرە".

ھەندێك لە ھاووڵاتیان گلەیی لە پەرلەرمانتار و پارتە سیاسییەكان دەكەن و ئەوە دەخەنە ڕوو: "كاربەدەست و پەرلەمانتارانی پارتە سیاسییەكان لە ماڵەكانی خۆیان بەبێ خەمی دەخەون، ئاگاداری ژیان و گوزەرانی ئەو خەڵكە نین لە چ نەھامەتیێكدان".

بە گوێرەی راپۆرتێكی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكپارتی): "لەو ناوچانەی شەڕ و ئاڵۆزییان لێیە، لە باكووری كوردستان 220ھەزار كەس زیانیان پێگەیشتووە و 93 ھەزار ھاووڵاتی ئاوارە بوونە، ھەروەھا 10 ھەزار و300 دوكاندار زیانمەند بوونە".

نزیكەی شەش مانگە باكووری كوردستان شەڕ و ئاڵۆزی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، جگە لە شەڕ لە ناوچە سنوورییەكان لە نێوان چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و سوپای توركیا، لە ھەمانكاتدا ھێرش و تەقە لە ناو شارەكاندا لە نێوان ھێزە ئەمنییەكان و گەنجانی نزیك لە پەكەكە ھەیە، ئەمەش زیاتر رەوشی شار و شارۆچكەكانی باكووری كوردستانی ئاڵۆزتر بووە.
Top