نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا دەکات

 نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا دەکات

هێمن هەورامی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر بڵاویکردوە، رۆژی یەکشەممە 31-1-2016 شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.

هێمن هەورامی نووسیویەتی "شاندەکە لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆدەبێتەوە، هاوکات لەگەڵ چەند بەرپرسێکی دیکەی عێراقیشدا کۆدەبنەوە".

سەعد حەدیسی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکیدا جگە لە پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە رایگەیاند " چاوەڕوان دەکرێت رۆژی یەکشەممە کۆبوونەوە لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و حەیدەر عەبادی بکرێت" و، جەختیشی کردەوە لەوەی " لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەکرێت".

گوتەبێژی حکومەتی عێراق هەروەها گوتی " لە دوایین کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە جەختکراوەتەوە لە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکان لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بابەتی نەوت و بودجە". حەدیسی لە کۆتاییدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد" عەبادی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان باس لە هەماهەنگیش دەکات لەپێناو دۆخی ئەمنیی پەیوەندیدار بە شاری موسڵ".

بەپێی زانیارییەکان، فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان یاوەری نێچیرڤان بارزانی دەکەن بۆ بەغدا.

رۆژی سێشەممە 26ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین سەرۆك و سكرتێر و نوێنەری پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی گۆڕینەوەی راوبۆچوون لەسەر پرسە هەنووكەییەكانی هەرێمی كوردستان و گەییشتن بە كۆدەنگی و دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ گرفتەكان لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.

یەکێک لەو خاڵانەی کە لەکۆبوونەوەکە بڕیاری لەسەر درا بەپێویستزانینی بەردەوامی دیالۆگ و دانوستان بوو لەگەڵ بەغدا، لەپێناو گەییشتن بە چارەسەركردنی كێشەكان.
















رووداو
Top