وەزارتی كارەبا: لەدوو رۆژی داهاتوودا كارەبا ئاسایی دەبێتەوە
بەگوتەی وەزارەتی كارەبا، بەهۆی تەقاندنەوەی بۆری گازی سرووشتی نێوان قادركەرەم و هەولێر، بەرهەمهێنانی كارەبا 750مێگاوات کەمیکردووە و ئەگەر گرفتێکی نوێ دروست نەبێت، لە دوو رۆژی داهاتوو كارەبا دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی.
محەممەد ئەمین هەورامانی، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا رایگەیاند:"ئەگەر گرفتی دیكە دروست نەبێت، بەپێی ئەو بەڵێنەی بەوان دراوە، لە دوو رۆژی داهاتوودا بۆرییە گازەكە چاك دەكرێتەوە و كارەبا دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی".
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا راشیگەیاند: "دوای تەقینەوەی بۆریە گازەکە، بەرهەمێنانی کارەبا 1250 مێگاوات کەمیکرد، بەڵام بە کەوتنەکارەوەی وێستگەی گازی چەمچەماڵ بڕەکە بۆ 750 مێگاوات کەمبووەوە. لە دوو رۆژی داهاتوو ئەوەش چاك دەكرێتەوەو ئەو 750 مێگاوات كارەبایەش دەگەڕێتەوە".
بەرهەمهێنانی كارەبا لەسەرجەم هەرێمی كوردستاندا نزیكەی2750 مێگاواتە، كە نیوەی ئەوە بەهۆی گازەوە بەرهەم دێت، کەچی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا دەڵێن، خواستی كارەبا لەم وەرزەدا نزیكەی 5 هەزار مێگاواتە.
کاژێر 01:15 خولەکی بەرەبەیانی هەینی 29-1-2016 بۆرییەکی گازی سرووشتی کە لەگوندی گردەدێی سەر بە شارەدێی قادر کەرەمەوە بەرەو هەولێر راکێشراوە، لە ناحیەی شوان تەقیوەتەوە. بەهۆشیەوە ئەو وێستگانەی کە بە گاز کارەبایان بەرهەمدەهێنا، لەکارکەوتن و رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەمبووەوە.
رووداو
