لە پەرلەمانی عێراق نوێنەرانی هەولێر یەکەم و سلێمانی دووەمن

 لە پەرلەمانی عێراق نوێنەرانی هەولێر یەکەم و سلێمانی دووەمن
نوێنەرانی هەولێر یەکەم و سلێمانی بە پلەی دووەم دێن، کە زۆرترین ئامادەبوونیان هەبووە لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراقدا، لیژنەی پەرلەمانی هەیە تاوەکو ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە، یاخود تەنیا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە.

بەگوێرەی راپۆتێکی دەزگای روانگەی نوێنەرانی عێراق، کە چاودێری کارەکانی پەرلەمانی عێراق دەکات. نوێنەرانی هەولێر لەسەر ئاستی نوێنەرانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەرزترین رێژەی ئامادەبوونیان هەیە لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراقدا و کەمترین نەهاتنیان هەبووە، دوابەدوای ئەوانیش نوێنەرانی سلێمانی دێن.

لە بەرامبەردا نوێنەرانی پارێزگای ئەنبار زۆرترین رێژەی نەهاتنیان هەیە، دوای ئەوانیش نوێنەرانی بەسرە و پارێزگای سەلاحەدینیش لە پلەی سێیەم دێن.

حاکم سەرحان ئەحمەد، نوێنەری پارێزگای دهۆک لە پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، کە رەخنەیان لەو راپۆرتە هەیە و نوێنەرانی پارێزگای دهۆکی فەرامۆشکردووە، لەکاتێکدا نوێنەرانی دهۆک زۆرترین رێژەی پابەندبوون و ئامادەبوونیان لە دانیشتنەکاندا هەیە.

هەروەها10 پەرلەمانتار هەن، زۆرترین رێژەی نەهاتنیان هەبووە و راپۆرتەکە رەخنە لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقدا دەگرێت، کە رێوشوێنی تووندی لە بەرامبەر پەرلەمانتارە نەهاتووەکان نەگرتووەتەبەر. لەو دە پەرلەمانتارەش ناوی هیچ کوردێکی تێدا نییە. هەروەها 25پەرلەمانتارە هەن 5 دانیشتنی یەک لە دوای یەک، یاخود ئامادەی 10 دانیشتنی پەرلەمان نەبوونە.

وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە سەرەتاوە دانیشتنی ئەم خولەی پەرلەمان تاوەکو کۆتایی وەرزی یاسادانانی یەکەمی لە ساڵی دووەمیدا، پەرلەمانی عێراق 122 دانیشتنی ئاسایی و یەک دانیشتنی نائاسایی ئەنجامداوە، کە تێیدا 64 یاسا پەسندکراون و خوێندنەوەی دووەم بۆ 105 پڕۆژەیاسا کراون، هەروەها خوێندنی یەکەم بۆ 163 یاسا کراوە.

لە وەزی یەکەمی ساڵی دووەمیشدا لە 1-7-2015 تاوەکو 31-12-2015دا پەرلەمانی عێراق 45 دانیشتنی ئەنجامداوە.

58 پڕۆژەیاسا هەیە تاوەکو ئێستا خوێندنەوەی یەکەم، یاخود دووەمیان بۆ نەکراوە، هاوکات 41 پڕۆژەیاسا خوێندنەوەی دووەمیان بۆکراوە، بەڵام دەنگیان لەسەر نەدراوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، مانگی 8- ساڵی 2015 زۆرترین چالاکی پەرلەمانی بەخۆوە بینیوە، کە 25 پرۆژە خوێندنەوەی یەکەم و 10 پرۆژە خوێندنەوەی دووەم و 7 یاسا پەسندکراون. بەڵام مانگی 10 لە پلەی یەکەم دەستکەوتەکان دێت، کاتێک 6 پڕۆژەیاسا خوێندنەوەی یەکەم و 13 خوێندنەوەی دووەم و 11 یاسا پەسند کراون.

لەم وەرزەی پەرلەماندا، لیژنەی کاروباری پەرلەمانتاران، هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجام نەداوە، هاوکات لیژنەکانی نەوت و غاز، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ، ئافرەت و منداڵان، تەنیا یەک کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە.

هەروەها لەسەر ئاستی چالاکییەکانی وەک کۆنگرە، کۆڕ و کۆبووەنەکان و وۆرکشۆپ و میوانداریکردن و سەردانەکان، لیژنەکانی نەوت وغاز، کاروباری پەرلەمانتاران، ئاشتەوایی و لێپرسینەوە، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی لیژنە هەمیشەییەکان کەمترین چالاکییان ئەنجامداوە.

ئەو پەرلەمانتارانەی زۆرترین رێژەی نەهاتنیان هەیە

لە وەرزی یەکەمی ساڵی یەکەمی یاسادانانی پەرلەماندا 10 پەرلەمانتار هەن، زۆرترین رێژەی نەهاتنیان هەیە، کە بریتین لە:

عەبدوڵڵا حەسەن شوێرد 21

مەحمود داود سەلمان موسا 17

موفەق باقر کازم (موفەق روبەیعی) 16

محەممەد ناسر دەلی 15

محەممەد ماشی جەری حەسەن 15

حەسەن خزەیر عەباس حوسێن 14

محەممەد رێکان حەدید عەلی 14

هودا هادی محەممەد مەهدی 13

بەها هادی ئەحمەد جەواد 13

میسال حسێن ئەحمەد (میسال ئالوسی) 12

نەهاتن لەسەر ئاستی فراکسیۆنەکان

یەکەم: فراکسیۆنی عێراق پەرەپێدان و بنیادنان ( لە چوارچێوەی ئیئتیلافی عێراق) زۆرترین رێژەی نەهاتنی هەیە.

دووەم: گردبوونەوەی یەکێتی عێراق.

سێیەم:فراکسیۆنی کۆنگرەی نیشتمانی

کەمترین رێژەی نەهاتن لەسەر ئاستی فراکسیۆنەکان

یەکەم: فراکسیۆنی ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی ئاشووری

دووەم: فراکسیۆنی وەفاو بوژانەوە

سێیەم: حزبی دەعو- رێکخستنی عێراق-

چوارەم: گردبوونەوەی ئاسۆی نوێ

پێنجەم: گردبوونەوە ئەمەل

شەشەم: رافیدەین

حەوتەم: وەرکانی نیشتمانی

رێژەی نەهاتن لەسەر ئاستی ئیئتیلافەکان

یەکەم: هاوپەیمانی مەدەنی دیموکراتی 13.3%

دووەم: ئیئتیلافی نیشتمانی 11.14%

سێیەم: ئیئتیلافی عێراق 10.04%

رێژەی ئامادەبوونی ژنان و پیاوان

ژنان ئامادەییان زیاترە لە پیاوان

رێژەی نەهاتنی ژنان 2.8%

رێژەی نەهاتنی پیاوان 2.38%

لە هەر دانیشتنێکی پەرلەمان 2.38% ژن ئامادە نەبوونە

لە هەر دانیشتنێکی پەرلەمان 12.04% پیاو ئامادە بوونە.

ئەو لیژنانەی هیچ ژنانێکی تێدا نییە

لیژنەی هۆزەکان

ئەو لیژنانەی هیچ پیاوێکی تێدا نییە

لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان











رووداو
Top