وەزارەتی شەهیدان پێشنیازی پێناسەی شەهید بۆ كۆچبەرانی خنكاو دەكات
ئەمڕۆ شەممە 30-1-2016 "فواد عوسمان "گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەوان یاسایەكی تایبەتیان هەیە لە وەزارەت كە تێیداپێناسەی شەهیدی كردووە كە دەبێت لە ڕێگەی خاك بێت و بەرامبەر دوژمن بێت، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە كە حاڵەتی تایبەت هەبووە كە ڕووی داوە و وەكوو شەهید حكوومەتی هەرێم ناساندوونی،نموونەش بە شەهیدەكانی چیای كورتەك دێنێتەوە كە ماوەیەك لەمەوبەر بە بەر بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا كەوتن وئێستا مووچەی شەهیدانەیان پێدەدرێ."
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان ئەوەش دەخاتەڕوو كە "ئەوان نووسراوی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە بەرز دەكەنەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێم تا وەكوو شەهید مامەڵە لەگەڵ كۆچبەرانی خنكاودا بكرێت و مووچەی شەهیدانە بە كەسوكاریان بدرێت، دەشڵێت وەزارەتی شەهیدان بە بایەخەوە لەو بابەتە دەڕوانێت و هەوڵی بەردەوام دەدەین بۆ ئەو مەبەستە."
باسنیوز
