سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی سویسڕا لە عێراق دەكات
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی سویسڕا لە عێراق ڕێز و پێزانینی خۆی و وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم ڕاگەیاند كە لە بارودۆخێكی سەخت و دژواردا میوانداریی ژمارەیەكی زۆر گەوەری ئاوارە و لێقەوماویان كردووە كە ئەوە خۆی لە خۆیدا بارێكی قورسە و ڕایشیگەیاند كە وڵاتەكەی حەز دەكات لەڕێگەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هەروەها كاری هاوبەشی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بەشداری بكات لە یارمەتیدانی ئاوارەكان. باڵیۆزی سویسڕا لە عێراق وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لەمەڕ قەیران و تەحدیاتی دارایی هەرێم، پشتیوانیی وڵاتەكەیشی لە هەموو بارودۆخێك بۆ گەلی كوردستان دووپات كردەوە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی گەل و حكوومەتی سویسڕای كرد و پەیوەست بە باسی ئاوارەكان هێمای بەوەدا كە گەلی كوردستان یارمەتیدانی خەڵكی لێقەوماوی بە ئەركی مرۆڤی و نیشتیمانیی خۆی زانیوە و سەرباری بوونی شەڕی داعش و تەحدیاتی ئابووری ئەوەی لەدەستیان هاتووە بۆ پەنابەر و ئاوارەكان كردوویانە و ئاماژەیشی بەوەدا كە هێشتا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بابەتی پەنابەر و ئاوارەكاندا وەك پێویست یارمەتیی هەرێمی كوردستانی نەداوە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ڕەوشی پەنابەر و ئاوارەكان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و سویسڕا تاوتوێ كرا.
