یوئین و حکوومەتی هەرێم بواری پێوەندییان فراوانتر دەکەن
لە دیدارێکی نێوان سەرۆکی لێژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسی ئۆفیسی مافی مروڤی نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ عێڕاق لە هەولێر خاتوو (ڕوەیدا ئەلحاج) جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە هەماهەنگییەکی زیاتر لەنێوان نێردەی یوئێن و لێژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان هەبێت بۆ بەرەوپێشبردن و باشترکردنی کارەکان لەم بارەیەوە زێباری تیشکی خستە سەر میکانیزمی چۆنیەتیی کارکردنی لێژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بابەتە جیاجیاکانی پەیوەست به ڕەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان کە ئەم لیژنەیە خاڵی پەیوەندیی حکومییە بۆ بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی پێشێلکاریەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان.
لە لایەکی دیکەوە داوای لە نێردەی یوئێن کرد کە ئەم جۆرە کۆبوونەوانە بەردەوام بێت بۆ قووڵترکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئاژانسەکانی یوئێن و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری بنەماکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا.
لەلای خۆیەوە خاتوو (ڕوەیدا ئەلحاج) بەهەمان شێوە میکانیزمی کارکردنی ئۆفیسی مافی مروفی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق و چۆنیەتیی کارکردنیان لە کوردستان شی کردەوە و تیشکی خستە سەر دروستکردنی بۆردێکی تایبەت بە چاودێری کردنی ڕاگیراوان لە گرتووخانەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی لێژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان جەختی کردەوە کە پێویستە ئەندامان و ستافی حكوومی خولی تایبەتی ڕاهێنانیان بۆ بکرێتەوە لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتە جیاجیاکانی مافی مرۆڤ و چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی ئەو ڕاپۆرتانەی کە تایبەتن بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بتوانن ڕووداوەکان وەکو خۆیان بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بگوازنەوە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش وێنەیەکی دروستیان دەربارەی واقعی هەرێمی کوردستان هەبێت.
