سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پارێزگاری نەینەوا دەكات
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و ڕەوشی بەرەكانی شەڕی تیرۆریستان لە پارێزگاكانی عێراق خرایە بەر باس و گفتوگۆ. هەروەها پارێزگاری موسڵ پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتیكردنی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و چارەسەركردنی كێشەی پێكهاتە جیاجیاكانی عێراق و ڕایگەیاند كەسایەتی و كاریگەریی سەرۆك بارزانی بووەتە جێگەی متمانەی خەڵكی ناوچەكە بەتایبەتی دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا.
هەر لەم دیدارەدا باس لە ئامادەكارییەكان بۆ پڕۆسەی ئازادسازیی موسڵ كرا و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دیموگرافیی پارێزگای نەینەوا ئەوە دووپاتكرایەوە كە بەر لە دەستپێكی ئازادكردنی موسڵ و هەروەها دوای ئازادكردنی پێویستە ڕێوشوێنی وا بگیرێتەبەر كە ببێتە هۆی ئارامی و ئۆقرەیی دانیشتوانی نەینەوا بە شێوەیەك كە چیتر نەهامەتی و كارەسات بۆ پێكهاتە جیاجیاكانی پارێزگای نەینەوا دووبارە نەبێتەوە.
