ئەمڕۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەخشەڕێگایەکی ئابووریی دەخاتە ڕوو ئامانج لێی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانە
بڕیارە سەعات 10ی ئەمڕۆ چوارشەممە 27\1\2016 لە نێو هۆتێل (ڕۆتانا)ی شاری هەولێر و بە ئامادەبوونی ”نێچیرڤان بارزانی“، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزیرەکان، ڕاوێژکارەکان، بەرپرسانی باڵای حزبی و کەسایەتییە سەرمایەدارەکان، کۆنفرانسێکی ئابووری ئەنجام بدرێت.
لەمبارەیەوە ”دڵشاد شەهاب“، ڕاوێژکاری ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نێو کۆنفرانسەکەوە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هیچ بڕیارێک نادرێت، بەڵکو نەخشەڕێگایەک سەبارەت بە دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەخرێتە ڕوو“. ئەوەشی ڕوونکردەوە کە لە نەخشەڕێگاکەدا 3 ئاراستەی سەرەکی ڕوونکراوەتەوە، ئاراستەی یەکەمیان کەمکردنەوەی خەرجییەکانە، ئاراستەی دووەم زیادکردنی داهات و سێیەمین ئاراستەش نەهێشتنی زیادەخەرجی یان پرسی چاکسازییە.
دڵشاد شەهاب باسیشی لەوە کرد کە ئەوەی ئەمڕۆ دەخرێتە ڕوو، بەرهەمی ماندووبوونی چەند مانگی ڕابردووە کە ئامانجی سەرەکی باشترکردنی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستانە.
ڕاوێژکارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشی لەوە کردەوە کە ئامانجی کۆنفرانسەکەی ئەمڕۆ، خستنەڕووی چاکسازییەکان و نەخشەڕێگاکەیە کە ”سەرەنجام ئامانجەکە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانە“.
باسنیوز
