پارتە سیاسییەکانی هەرێم پشتگیریان بۆ ریفراندۆم دووپات کردەوە..شەش بڕیاریان راگەیاند

 پارتە سیاسییەکانی هەرێم پشتگیریان بۆ ریفراندۆم دووپات کردەوە..شەش بڕیاریان راگەیاند
لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان شەش بڕیار و ئەنجامیان راگەیاند.

ڕۆژی سێشەممە 26ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین سەرۆك و سكرتێر و نوێنەری پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی گۆڕینەوەی ڕاوبۆچوون لەسەر پرسە هەنووكەییەكانی هەرێمی كوردستان و گەییشتن بە كۆدەنگی و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ گرفتەكان لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە كۆسرەت ڕەسووڵ جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هەروەها سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكوومەت ئامادە بوون، سەرەتا سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتەیەكی بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە پێشكەش كرد و باسی بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستانی كرد و داوای لە ئامادەبووان كرد كە لە كۆبوونەوەكەدا بەشێوەیەكی بەرپرسیارانە بیر لە چارەسەركردنی بارودۆخەكە بكەنەوە و بە پێویستی زانی كە دوور لە موزایەداتی سیاسی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم چارەبكرێت و هەروەها تیشك بخرێتە سەر چارەكردنی گرفتەكانی خەڵك و پاراستنی متمانەی نێوان خەڵك و پارتە سیاسییەكان.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پشتیوانیی خۆیشی بۆ هەموو هەنگاوێك ڕاگەیاند كە ببێتە هۆی دروستبوونی متمانە و شەفافییەت و دادپەروەری. هەروەها لە درێژەی قسەكانیدا كورتەیەكی لەبارەی شەڕی داعش و ڕیفراندۆم و مافی گەلی كوردستان لە دیاریكردنی چارەنووس خستەڕوو.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئامادەبووان ڕا و سەرنج و تێبینی و پێشنیارەكانی خۆیان لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی و كاراكردنی پارلەمان و قەیرانی دارایی و ڕیفراندۆم خستەڕوو و سەرۆكی حكوومەت و جێگری سەرۆكی حكوومەت هەنگاوەكانی حكوومەتیان لەبارەی ڕێوشوێنەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئابووری و هەروەها چاكسازی و داهات و خەرجییەكانی حكوومەتیان بۆ كۆبوونەوەكە شی كردەوە.

كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی هەرێم و پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان گەییشتە ئەم بڕیار و ئەنجامانە:
یەكەم: بەشداربووانی كۆبوونەوەكە ستاییشی گیانفیدایی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش كرد كە لە بارودۆخێكی سەختدا قارەمانانە بەرگری لە گەل و نیشتیمان دەكەن و پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕاگەیاند و كۆبوونەوەكە بە پێویستی زانی كە تێكڕای لایەنە سیاسییەكان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەكان و بارودۆخی هەستیاری ئێستا بكەن و لە ئاست بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆیان و متمانەی جەماوەریدا بن.

دووەم: بەشداربووانی كۆبوونەوەكە پاڵپشتیی خۆیان بۆ پڕۆسەی ڕیفراندۆم ڕاگەیاند و بە پێویست زانرا كە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم كۆدەنگییەكی نیشتیمانی ساز بدرێت ئەویش لە ڕێگەی یەكخستنەوەی ناوماڵی كوردستان و پتەوتركردنی متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی هەرێمی كوردستان. هەر پەیوەست بەم باسەوە لایەنە سیاسییەكان ئەوەیان دووپات كردەوە كە پێویستە ئەو دەرفەتە بە خەڵكی كوردستان بدرێت كە ڕای خۆیان لەبارەی چارەنووسی خۆیان بە جیهانییان ڕابگەیێنن.

سێیەم: كۆبوونەوەكە نیگرانیی خۆی سەبارەت بە دیاردەی كۆچ بۆ هاندەران و قووڵبوونەوەی كێشەكانی خەڵك نیشان دا و دڵنیایی دایە خەڵكی كوردستان كە بەیەكەوە قەیرانەكان تێدەپەڕێندرێن و لایەنەكان پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ ناڕەزایەتی و داواكاریی خەڵك ڕاگەیاند و بە ئاماژەدان بە كورتهێنانی بودجە داوایان كرد كە هەموو ڕێگەیەك بگیرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی كێشەی بێ مووچەیی و بۆ ئەم مەبەستەیش پاڵپشتیی خۆیشیان بۆ هەوڵ و ڕێوشوێنەكانی حكوومەت بۆ سیاسەتی دەستپێوەگرتن و كەمكردنەوەی خەرجییەكان و چاكسازی و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ گرفتەكان ڕاگەیاند بە جۆرێك كە ڕێوشوێنەكانی حكوومەت كەمترین گوشار بۆ چینی هەژار و كەمدرامەت و فەرمانبەران بهێنێت و كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانیش وەك پاشەكەوت بۆ خودی فەرمانبەران لای حكوومەت بمێنێت و بە هیچ شێوەیەكیش مووچە و مافی فەرمانبەران نەفەوتێت، هەروەها ئەم سیاسەت و ڕێوشوێنانە بەشێوەیەكی گشتی خزمەتی بەدیهاتنی دادپەروەری و نەهێشتنی گرفتە داراییەكان بكات.

چوارەم: بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە پێویستە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونەكان هەرچی زووترە پارلەمان كارا بكرێتەوە و زەمینەیش بۆ ئاشتەوایی سیاسی نێوان لایەنەكان خۆش بكرێت و بۆ ئەو مەبەستەیش بڕیار درا كۆمێتەیەكی تایبەت پێكبهێندرێت كە ئەركەكەی بریتی دەبێت لە زەمینەسازی بۆ كاراكردنەوەی پارلەمان و حكوومەت و چارەسەری پرسی سەرۆكایەتی و سەرخستنی ڕیفراندۆم. هەروەها ئەو كۆمیتەیە لە ماوەی حەفتەیەكدا كارەكانی تەواو دەكات و ئەنجامەكانی دەخاتە بەردەم كۆبوونەوەی داهاتووی پارتە سیاسییەكان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

پێنجەم: سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كۆبوونەوەكە جەختی كردەوە كە هەرێمی كوردستان نابێتە بەشێك لە ململانێكانی ناوچەكە و تەئكیدی لە سەر پاراستنی مافی دیاریكردنی چارەنووس و مافە دیموكراتییەكانی گەلی كوردستان كردەوە.

شەشەم: كۆبوونەوەكە بە پێویستی زانی كە دیالۆگ و دانوستان لەگەڵ بەغدا بەردەوام بێت لەپێناو گەییشتن بە چارەكردنی كێشەكان.
Top