پارتی ديموكراتى كوردستان لەگەڵ یەکێتی رێگایەکی دیکە بۆ ھاوکاریی حکوومەت دەدۆزنەوە

 پارتی ديموكراتى كوردستان  لەگەڵ یەکێتی رێگایەکی دیکە بۆ ھاوکاریی حکوومەت دەدۆزنەوە
پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی دەیانەوێ لە رێگەی دارایی حزبی و رەخساندنی لامەرکەزیەتی پارێزگاکانەوە، لەم قەیرانە داراییەدا، ھاوکاریی حکوومەت بکەن.



بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھەریەکە لە پارتی و یەکێتی ڕیک کەوتوون لەسەر ئەوەی کە ھەرچیان پێ دەکرێت بیکەن بۆ چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەران.



بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ھەر یەکە لە پارتی و یەکێتی رێک کەوتوون لەسەر ئەوەی بەشێوەیەکی لامەرکەزی ئیدارەی ئابووریی پارێزگاکانی کوردستان بدەن، بەو شێوەیەی کە حکوومەت لە پاش ھەنگاوێکی گەورەی چاکسازی، بەپێی بۆردێک بۆ پارێزگاکان دەسەڵات بدات بە ئیدارەی پارێزگاکان کە خۆیان داھاتی خۆیان پەیدا بکەن و مووچەی فەرمەرانبەرانیش بدەن.



بەپێی ئەو سەرچاوەیە، بڕیارە ھەریەکە لە یەکێتی و پارتی، بەشێکی زۆری سەرمایەی حزبیی خۆیان بدەنە ئیدارەی پارێزگاکان تاوەکو بیداتە مووچەی فەرمانبەران.

ھەمان سەرچاوە گوتی: ئەم پێشنیارە لە کۆبوونەوەیەکی نێوان یەکێتی و پارتیدا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و بە چارەسەر و پلانێکی گونجاویش دانراوە.



بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەم پلانە بۆ ئەوەیە تا حکوومەت چاکسازییەکانی دەخاتە گەڕ و دەتوانێت پارەی نەوتی چەند مانگێک کۆ بکاتەوە ئەو رێکارە بگیرێتە بەر و بۆ داھاتووش بەردەوام بێت.



بەپێی ئەو سەرچاوەیە ئێرانییەکانیش لەرووی ئابوورییەوە ھاتوونەتە سەر خەت و ڕاوێژیان بۆ سەرکردایەتیی کورد کردووە ھاوکاری ھەرێم دەبێ بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و چەند مەرزێک و دەروازەی دیکەش دەکەنەوە وەکو مامەڵە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بەڵێنیشیان داوە بڕێک لە پارە بلۆککراوەکەی لە بواری نەوت و غازدا لە ھەرێمی کوردستاندا وەبەر بھێنێ.



عەلی حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان رای گەیاند، ئەگەر پارتی و یەکێتی بە راستەوخۆش توانای داراییان نەبێ ھاوکاریی حکوومەت بکەن، ئەوە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەتوانن ھاوکار و یارمەتیدەرێکی باش بن، گوتی: ”حزبی سیاسی ناتوانێ راستەوخۆ ھاوکاریی حکوومەت بکەن، چونکە حزبی سیاسی ھەرچەند توانای ھەبێ بەڵام رەنگە بۆی زۆر زەحمەت بێت بتوانێ مانگانەی مووچەی فەرمانبەران بدات کە لە کوردستان نزیکەی ترلیۆنێک دینارە، بەڵام رێککەوتنی پارتی و یەکێتی بەیەکەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش دەتوانرێ رۆڵێکی باش بگێڕێ لە چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی، بەشێوەیەک دەکرێ سەرچاوەکانی داھات زیاتر کۆنتڕۆڵ بکرێ و خەرجییەکان کەم بکەنەوە و چاکسازییش بکەن، ھەروەھا دەتوانن ھەماھەنگی بکەن بۆ کردنەوەی دەروازەی دیکەی دارایی لەگەڵ ھاوپەیمانان و دۆستەکانمان“.



لای خۆیەوە مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رای گەیاند، ئەگەرچی بۆ پارتی و یەکێتی زەحمەتە بتوانن ھاوکاریی حکوومەت بکەن لەو قەیرانە داراییە، چونکە بەھۆی قەیرانەکەوە بودجەکەی خۆشیان بڕاوە، بەڵام پارتی و یەکێتی بە یەکگرتوویی و تەبایی دەتوانن ھاوکاری باشی حکوومەت بن و لە زۆر بواردا یارمەتیدەری بن، چونکە دوو پارتی سەرەکین لە حکوومەتدا، گوتی: ”خەڵکی کوردستان زۆر ماندووە و لە ئاودا دەخنکێت و قەیرانێکی گەورەی تووش ھاتووە، دەبێ ھەر لایەن ەو بەپێی بەرپرسیاریەتییەکەی ھاوکاریی خەڵکی کوردستان بکات“.



پێشتر سەعدی پیرە،‌ ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لەگەڵ پارتی ئەو بەرپرسیاریەتییەی ئێستا لەئەستۆ دەگرن و ھاوکار و یارمەتیدەری حکوومەت دەبن بۆ رزگارکردنی خەڵکی کوردستان لەو قەیرانەی کە تێی کەوتووە، گوتی: ”پێشتر لەگەڵ پارتی قۆناغی سەختتریان بڕیوە و شان دەدەنە بەر ئەو قەیرانەش“.











باسنیوز
Top