توركیا لەسەر ئەركی خۆی تەرمی كۆچبەران دەگەڕێنێتەوە هەرێمی كوردستان

 توركیا لەسەر ئەركی خۆی تەرمی كۆچبەران دەگەڕێنێتەوە هەرێمی كوردستان
دوای خنكانی چەندین خێزان و كۆچبەری هەرێمی كوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئێستا ئامادەكاری دەكرێت بۆ هێنانەوەی تەرمەكان، بەرپرسی بەشی توركیا لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت لەم هەفتەیەدا تەواوی تەرمەكان دەگەڕێنرێنەوە بۆ كوردستان."


ئەمڕۆ سێشەممە 26-1-2016 "د.عەبدول سەلام ڕەشید" بەرپرسی بەشی توركیا لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی بەناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پەیوەندیمان بە نوویسنگەی سەرۆك وەزیرانی توركیا كرد و داوامان لێكردن كە تەرمەكان بگەڕێننەوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوانیش ڕەزامەندیان پیشان داوە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا تەواوی تەرمەكان بگەڕێنرێتەوە بۆ كوردستان."


ئەو بەرپرسەی بەشی توركیا لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم ئەوەش دەخاتە ِوو كە بەهۆی ئەوەی كە زۆرێك لە تەرمەكان ناناسرێنەوە و ئێستا توێكاریی یاسایی لە دادی پزیشكی شاری "ئیزمیر" دەكرێت بۆ تەرم و ناوەكان دواتر دەگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و دەشلێت مەراسیمی هێنانەوەی تەرمەكان لەسەر ئەركی حكوومەتی توركیا دەبێت."







باسنيوز
Top