هەلومەرجی نێودەوڵەتی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان لەبارە و پێویستی بەوەیە لەسەر ئاستی ناوخۆ زەمینەی بۆ درووست بكەین
هادی عەلى هەروەها گوتی: پێش ئەوەمی وەڵامی پرسیارەكەتان بدەمەوە، من خۆم هەندێ را و سەرنجی تایبەتیم لەسەر رێككەوتننامەی سایكس-پیكۆ هەیە، لە راستیدا سێ نەتەوە كەوتنە بەر كاریگەریی ئەم رێككەوتنە، ئەوانیش بریتین لە كورد و عەرەب و تورك، لە ئێستاشدا هەر سێ نەتەوەكە گلەیی و نیگەرانییان هەیە لە ئاست ئەو رێككەوتنەدا و لێكدانەوەكەیان وایە كە سایكس-پیكۆ دابەشی كردبن، بەڵام ئەگەر بێین ئاوڕ لەو سەردەمە بدەینەوە كە كورد وعەرەب و تورك لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەكاندا بوون، ئەوا نە كورد و نە عەرەب خاوەنی قەوارەی سیاسی یەكگرتووی تایبەت بە خۆیان نەبوون، تاوەكو ئەم رێككەوتنە هاتبێت و دابەشی كردبێت. واتە ئەم ناوچانە هەموویان سەر بە دەسەڵاتی عوسمانی بوون و ناوچەكانیش لە سەر بنەمای ویلایەت دابەشكرابوون، كە عەرەبەكانیش هەموویان سەر بە یەك ویلایەت نەبوون، بەڵكو چەند ویلایەتێك بوون. هەروەها كوردیش سەر بە یەك ویلایەت نەبوون.
شايانى باسه عەلى هەروەها گوتی: لە ئێستادا رێككەوتنی سایكس-پیكۆ پێویستی بە خوێندنەوەیەكی بابەتیانەتر هەیە، ناوەڕۆكی ئەم رێككەوتنە بریتی بوو لە دابەشكردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان زلهێزەكانی ئەو رۆژگارەدا، پاشان چەند دەوڵەتێك بۆ عەرەبەكان درووستكرا. ئەوەی پێوەندی بە كوردەوە هەبێت، ئەوە بوو كە زلهێزەكان ئامادەییان تێدا نەبوو كورد لە چوارچێوەی قەوارەیەكی سیاسی سەربەخۆدا جێگەی بكرێتەوە. دواتر ئەوەی پەیوەندی بە پرسیارەكەتانەوە هەبێت، ئەوا هەر لە ئێستادا چەندە ئێمە دۆخی ناوخۆییمان مەحكەم بێت لە رووی ئیداری و ئابووریەوە، لە رووی مافەكانی مرۆڤ و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی كوردستان، هەروەها لە رووی هێنانەدی جۆرێك لە سازانی نیشتمانی لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا بۆ ئەوەی مۆدێلێك پێشكەش بكرێت كە جیاواز بێت لە ناوچەكانی دیكەی عێراق و ناوچەكەش. ئەمە دەبێتە باشترین كارت بە دەست كوردەوە بۆ گۆڕینی ئەو هاوسۆزییەی لە ئاست كورددا هەیە- بەتایبەتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی- بۆ ئەوەی بتوانرێت لە رووی سیاسیشەوە كاری لەسەر بكرێت، بەڵام بە داخەوە لە ماوەی یەك دوو ساڵی رابردوودا پاشەكشە هاتۆتەئاراوە، چونكە لە كاتێكدا كە تێڕوانینێكی ئیجابی بەرامبەر حكومەتی كوردستان و خەڵكی كوردستان درووست ببوو، ئەوا ئێستا دۆخە ئابوورییەكە لە قەیراندایە و دۆخە سیاسییەكەش لە تەنگژەیەكی ئاڵۆز و گەورەدایە- ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی ئەو وێنا جوانەی پێشتر لەسەر كورد درووست ببوو، ئێستا ئەو وێنایە بكەوێتە ژێر پرسیارەوە.
لە كۆتایی قسەكانیدا هادی عەلى هەروەها گوتی: روونە كە حاڵی حازر پێنج لایەنی سیاسی و سەرەكی هەن كە پێویستە سەرجەم ئەو پێنج لایەنە لەسەر رێگاچارە، یان نەخشەڕێگایەك بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسی و داراییەكە رێكبكەون. لە بنەڕەتدا كێشە سیاسییەكە لە هەرێمی كوردستاندا پەیوەستە بە بوونی ناهاوسەنگییەك لە بواری دابەشكردنی دەسەڵاتدا. كێشەی بنەڕەتی دووەم بریتییە لە نادادپەروەری زەق لە دابەشكردنی سامانی گشتیدا لە هەرێمی كوردستاندا، جەماوەر بە پلەی یەكەم بەدەست ئەم نادادپەروەرییەوە دەناڵێنێت، ئەو نادادپەروەرییەش سەریكێشاوە بۆ گەندەڵییەكی بێئەندازە و ناشەفافیەتێكی لە رادەبەدەر، كەمینەیەكی زۆر كەم لە سەر حیسابی سەروەت و سامانی میللەتەكە بە شێوەیەكی بێ سنوور دەوڵەمەند بوون، كە بە راستی ئەمە كارەساتێكی گەورەیە و رووی كردۆتە ئەم حكومەتە. پێویستە لەسەر لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان بە زووترین كات ئەو ناوهاوسەنگییەی لە رێكخستنی دەسەڵاتدا هەیە چارەسەر بكەن، هەروەها ئەو نادادپەروەری و ناشەفافییەتەی لە سامانی گشتیدا هەیە، چارەسەر بكرێت.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1059)
