نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی ئەمەریكا قەیرانی داراییان تاوتوو کرد

 نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی ئەمەریكا قەیرانی داراییان تاوتوو کرد
وەك بەدواداچوونێك بۆ سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوونی ئەو قەیرانە داراییەی كە ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو قەیرانە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 24 - 1 - 2016 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە بەڕێز ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران ئامادەی بوو، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ستایشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی لە شەڕی دژی داعش كرد، هەروەها پێشوازیكردن لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر لەلایەن خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە و دابینكردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆیان، جێگەی دەستخۆشی و ڕێز و سوپاسی شاندی ئەمەریكا بوو.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیاندا تیشكیان خستە سەر ئەو قەیرانە داراییەی كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە و لەمبارەیەشەوە پەرۆشیی خۆیان بۆ چارەسەركردن و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە داراییە دەربڕی بە شێوەیەك بە كەمترین زیان ئەو قەیرانە تێپەڕێنرێت.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پوختەیەكی دەربارەی ئەو قەیرانە داراییەی كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، پێشكەش كرد و هۆكارەكانیشی بۆ بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری پەنابەرانی دەستی تیرۆر و دابەزینی لەناكاوی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان گەڕاندەوە كە ئەم هۆكارانە بارگرانییەكی زۆریان بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست كردووە.

لە بەردەوامیی قسەكانیدا نێچیرڤان بارزانی باسی لە پلانی حكوومەتی هەرێم بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیاد كردنی داهاتەكان كرد كە هەر لە سەرەتای ساڵی 2014ەوە دەستی پێ كردووە، وێڕای جێبەجێكردنی بەرنامەیەكی چاكسازی لە هەموو جومگەكانی دامودەزگاكانی حكوومەت و بۆ ئەم مەبەستەش داوای هاوكاریی تەكنیكی لە شاندی ئەمەریكی كرد بۆ ئەوی بتوانن ئەو قەیرانە تێپەڕێنن و چاكسازییەكان بە شێوەیەكی ڕێكوپێك ئەنجام بدرێن و لە داهاتوودا هاوكاریی حكوومەتی هەرێم بكەن بۆ دانانی پلانی درێژخایەن، هەروەها سوپاسی ئەمەریكاشی كرد بۆ بەدەمەوەهاتنی داواكانی هەرێمی كوردستان لە ڕابردوو و ئێستادا.

هەروەك هەریەك لە سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پوختەیەكیان سەبارەت بە داتا و زانیارییەكان لەبارەی داهات و خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان پێشكەش بە شاندی ئەمەریكی كرد بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیی زیاتریان لەسەر سەختی ئەو قەیرانە داراییە هەبێت. لا خۆیانەوە شاندی ئەمەریكیش پشتگیریی خۆیان بۆ هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی دەربڕی و ئاماژەیان بەوە كرد كە زانیارییەكانیان لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە واشنتۆن و ڕاوێژكار و پسپۆڕانی هونەری بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكە دەنێرنە هەرێمی كوردستان.

شایەنی باسە ماوەیەك لەمەوبەر بۆ ڕوونكردنەوەی دۆخی هەرێمی كوردستان و ئەو قەیرانە سەختە داراییەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، شاندێكی هەرێمی كوردستان كە لە بەڕێزان د. فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوو، سەردانی ئەمەریكایان كردبوو و بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە واشتنۆن دیدار و كۆبوونەوەیان ئەنجامدابوو.
Top